5 هەزار دەرچووی بەشەکانی کشتوکاڵ و ڤێتێرنەری دادەمەزرێن .

 

حکومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەیی پالنەکانی ستراتیجی خۆیدا لە بواری کشتوکاڵ ڤێتێرنەریدا هەلی کار بۆ 5 هەزار دەرچووی بەشەکانی ئەو بوارە دەڕەخسێنێت .

 

لەمبارەوە دوێنێ وەزارەتی کشتوکاڵی حکومەتی هەرێمی کوردستان 5 هەزار هەلی کار لە کەرتی تایبەت بۆ دەرچووانی بەشەکانی کشتوکاڵ راگەیاند، ئەمڕۆ لە ئاگاداریەکەدا وردەکاری دامەزراندنەکەی بڵاوکردەوە

لە ڕاگەیاندراوەکەی وەزارەتی کشتو کاڵدا هاتووە ، پاڵپشت بە یاسای ژمارە 20ـی ساڵی 2021ـی سەرپەرشتیارانی پڕۆژەکانی کشتوکاڵی لە کەرتی تایبەت، هەروەها ئاماژە بە رێنمایی ژمارە 4ـی تایبەت بە جێبەجێکردنی ئەم یاسا و رێنمایی و رێکارانە، لەسەر ئاستی پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان لیژنەی باڵای وەزاری پێکهاتوو دەستبەکاردەبێت، بەمەبەسی پاڵاوتن و وەرگرتن و زانیاری کەسی لە دەرچووانی دانەمەزراو لە بەشەکانی کشتوکاڵی و ڤێتێرنەری کە خواستی کارکردن و سەرپەرشتیاریان هەیە بەپێی (بڕوانامە ، پسپۆری ، ساڵی دەرچوو ، ئەزموون).

هاوکات هەر لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە ئەم پرۆسەیە لە رێکەوتی 2022/7/3 دەسپێدەکات و تاوەکو ماوەی 2022/8/1 بەردەوام دەبێت. لەهەمانکاتدا سەرجەم فەرمانگە پەیوەندیدارەکانی وەزارەت هەماهەنگی ئامادەکاری دەکەن بۆ دانانی بەرنامەی خولی شیاندن و راهێنان بەشێوەی تیۆری و پراکتیکی و ئامادەکردنی گرێبەستی کارکردن و جێگیرکردنی ئەرک و مافەکانی سەرپەرشتیاران بەپێی ئەو میکانیزمانەی کە دانراوە هەنگاو بەهەنگاو لەچوارچێوەی یاساکە و رێنمایی ئامادەکراو.

 

وەزارەتی کشتوکاڵ راشیگەیاند، دەرچووانی بەشەکانی کشتوکاڵی و فێتێرنەری بەپێی شوێنی جوگرافی و نیشتەجێبونی خۆیان دەتوانن سەردانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی کشتوکاڵی پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان بکەن، بۆ‌ پێدانی زانیاری لەلایەن ئەو لیژنەیەی کە سەرپەرشتی تۆمارکردنی ناوەکان دەکات .

 

لە کۆتاییشدا ڕوونی دەکاتەوە ئەم هەنگاوەی وەزارەتەکە لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، یەکێکە لە کارنامە ستراتیژیەکانی گەشەپێدانی سێکتەری کشتوکاڵ، کە دەرفەتی کار و سوودمەند بوون بۆ هەزاران دەرچوو دەرخسێنێت و دەبێتە وەچەرخانێکی بەهێزی بوژانەوەی داهاتی تاک و خێزان لەرێگەی سەرپەرشتی کردنی پڕۆژەکانی کەرتی تایبەت، بە چاودێری و سەرپەرشتی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو .

 

وا بڕیاریشە ئەو فۆرمەی پڕدەکرێتەوە، بەخۆرایی دابەش دەکرێت لەسەر ئاستی فەرمانگە کشتوکاڵیەکانی هەرێمی کوردستان.

Back to top button