وه‌زیری ناوخۆ: له‌چه‌ند رۆژی داهاتوو یاسای هه‌ڵگرتنی چه‌ك ده‌كه‌وێته‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌

رێبه‌ر ئه‌حمه‌د، وه‌زیری ناوخۆی حكومه‌تی هه‌رێمی کوردستان دوای  به‌شداریکردن لە پرسه‌ی هه‌ردوو مامۆستایان (دكتۆر كاوان ئیسماعیل و دكتۆر ئیدریس حەمەخان) كرد، كه‌ دوێنی له‌ میانی رووداوێكدا به‌ده‌ستی قوتابییه‌كه‌وه‌ شه‌هید كران بۆ رۆژنامەنووسان قسەی کردو گوتی، “جه‌نابی سه‌رۆك بارزانی و سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان زۆر گرنگی به‌م دۆسییه‌وه‌ ده‌ده‌ن، هه‌موومان داوا له‌ دادگا ده‌كه‌ین ئه‌و بابه‌ته‌ یه‌كلایی بكاته‌وه‌”.

 

وەزیری ناوخۆ لە کۆنگرەرۆژنامەوانیەکەدا گوتیشی، “له‌ماوه‌ی رابردوودا یاسایه‌كی نوێی چه‌كمان له‌ په‌رله‌ماندا تێپه‌ڕاند، بۆ ئه‌مه‌ مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان زۆر رژده‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م یاسایه‌ له‌ نزیكترین كاتدا بچێته‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌، بۆیە یاسای نوێی هه‌ڵگرتنی چه‌ك له‌ چه‌ند رۆژی داهاتوو ده‌چێته‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌، ئه‌و شوێنانه‌ی چه‌كی لێده‌فرۆشرێت، رێكده‌خرێنه‌وه‌، به‌شێوه‌یه‌كی ئه‌لیكترۆنی مۆڵه‌تیان بۆ دروست ده‌كرێت.

 

ده‌شڵێت: “بۆ داواكردنی مۆڵه‌تی چه‌ك، چه‌ند رێكارێكی ئیداری، یاسایی و ته‌ندروستی هه‌یه‌، هه‌ر شوێنێكیش به‌ده‌ر له‌و رێكارانه‌ چه‌ك بفرۆشێت، سزای یاسایی توندی به‌رامبه‌ر ده‌گیرێته‌به‌ر و، له‌كاتی رێكخستنه‌وه‌ی ئه‌م بابه‌تانه‌ كۆتایی به‌م رووداوانه‌ نایه‌ت.

وەزیری ناوخۆ باسی لەوەشکرد کە، هه‌ندێك په‌یج بۆ زۆر شتی ناڕه‌وا كار ده‌كه‌ن، یه‌كێك له‌وانه‌ پڕوپاگه‌نده‌ و فرۆشتنی چه‌ك، بۆ ئه‌مه‌ داوامان له‌ پۆلیس و ئاسایش كردووه‌ به‌ زووترین كات ئه‌و په‌یجانه‌ دیاری بكه‌ن.

Back to top button