له‌ سلێمانیش شوێنه‌كانی مامه‌ڵه‌كردن به‌ چه‌كی بێمۆڵه‌ت داخران

دوای بڕیاری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ داخستنی شوێن و مه‌یدانه‌كانی مامه‌ڵه‌كردن به‌ چه‌كی بێمۆڵه‌ت و گرتنه‌به‌ری رێكاری پێویست بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی ناوخۆی هه‌رێمه‌وه‌، هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر، پارێزگاری سلێمانیش له‌سه‌ر ئه‌و بڕیار و راسپاردانه‌ بڕیاری داخستنی ته‌واوی ئه‌و جۆره‌ شوێنانه‌ی له‌ سنووری پارێزگاكه‌ی ده‌ركرد.

 

ده‌قی راگه‌یه‌ندراوی پارێزگاری سلێمانی:

لەسەر بڕیاری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەپێی رێنمایی وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان:

یەکەم: لە ئەمڕۆ 30ی حوزەیرانەوە، لەڕێی بەڕێوەبەرایه‌تیی ئاسایشی سلێمانی و یەکە کارگێڕییەکانی سنوری پارێزگای سلێمانییەوە، هەموو دوکان و بازاڕێکی چەك فرۆشتن دادەخرێن و هەموو مامەڵەکردنێک بەچەکەوە رادەگیرێت.

دووەم: لیژنەی هاوبەشی ئارامیی لە سنووری یەکە کارگێڕییەکاندا؛ وەك هەمیشە خاڵی پشکنین لە ناو شار و دەرەوەی شارەکاندا دادەنێن بۆ دەستبەسەرداگرتنی چەکی بێمۆڵەت.

سێیەم: هەر هاووڵاتییەك بە چەکی بێمۆڵەتەوە سەردانی دامودەزگاکان و هەر شوێنێکی تر بکات؛ راستەوخۆ دەستبەسەر چەکەکەیدا دەگیرێت.

هەموو یەکە کارگێڕیی و فەرمانگه‌ پەیوەندیدارەکان راسپێردراون بۆ کاری پێویست، داوا لە هاووڵاتیانی خۆشەویستیش دەکەین هاوکار و هەماهەنگیی لایەنە پەیوەندیدارەکان بن.

د.هەڤاڵ ئەبوبەکر

پارێزگاری سلێمانی

30/6/2022

Back to top button