کونسوڵی ئەمەریکا: گەیشتوومەتە ئەو دەرەنجامەی کە کوردستان منی گۆریوە
کونسولی گشتی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان لە دوای کۆتایی هاتنی ئەرکە دیپلۆماسییەکەی لە هەرێمی کوردستان پەیامێک ئاراستە دەکات و دەنووسێت بە دڵتەنگییەوە ماڵئاوایی لە کوردستان دەکەم .
لە پەیامەکەی رۆبەرت پالەدینۆ، کونسوڵی گشتی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستاندا هاتووە : “ئەرکە دیپلۆماسییە یەک ساڵیەکەم لە ھەرێمی کوردستان کۆتایی دێت. سەرەڕای ئەوەی کە بەدڵتەنگی ماڵئاوایی دەکەم، تکایە بزانن کە من ھەرگیز لە بیرتان ناکەم. بە گەڕانەوە بۆ ساڵی رابردوو گەیشتوومەتە ئەو دەرەنجامەی کە کوردستان منی گۆریوە. ئەمڕۆ، من خۆشەویستییەکی قوڵ و رێزێکی بێ پایانی خەڵکی کوردستان لە دڵی خۆمدا جێکردووەتەوە. میواندۆستیتان و بەردەوام پێشوازیکردنتان لە من و ھاوپیشە ئەمەریکییەکانم لە بیرناکرێت”.
لە بەشێکی دیکە دەنووسێت : “سوپاس بۆ ھاورێیەتی و یادەوەری و کاری زۆر گرینگ کە پێکەوە بەدەستمان ھێناوە. ھەروەھا سوپاس بۆ ھاوبەشیکردنی کولتوورە جوانەکەتان، من بەتایبەتی بیری دۆڵمە و کفتە دەکەم. من ئێوە لەناو دەستی کەسێکی باش بەجێدەھێڵم. من دەزانم ئێوە بەخێرھاتنێکی گەرمی جێگرەوەکەم دەکەن. لە سەرتای مانگی ئابدا، چاوتان لەسەر سەکۆکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانمان بێت بۆ ناسینی کونسوڵی گشتی نوێ”.
لە کۆتاییدا رۆبەرت پالەدینۆ ئاماژە بەوە دەکات : “لە ماوەی 30 ساڵی رابردوودا ھەرێمی کوردستان رێگایەکی درێژی بڕیوە و زۆر شت ھەیە کە شانازی پێوەبکەن. پڕۆسەی رێرەوەی دیمۆکراسی درێژ و سەختە , بەڵام ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لێرە دەبێت و ھاوشانی ئێوە دەبێت. تکایە ئەوە بزانن کە من داکۆکیکاری ئێوە دەبم لە واشنتنی پایتەخت و ئەگەر من جارێکی تر داوام لێکرا، من ئامادەم ئەم پەیوەندییە تایبەتەمان بەرەوپێشتر ببەم. ئێوە ھاورێیەکی ھەمیشەییتان لە مندا بەدەستھێناوە. ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و ھەرێمی کوردستان لە ئێستا و داھاتووشدا بەردەوام پێکەوە باشترن”.