فراكسیۆنی پارتی لەسەر هێرشەكانی پەكەكە لەرۆژئاوایی كوردستان بۆ سەر خەڵك هاتە دەنگ
خواكوڕك
لە راگەیاندراوێكدا فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لەپەرلەمانی كوردستان لەسەر هێرشەكانی پەكەكە بۆ سەر خەڵكی رۆژئاوایی كوردستان رایدەگەیێنێت، بەداخەوە درێژەپێدانی سیاسەتی تۆتالیتارییانەی پەكەكە لە ڕۆژئاوای كوردستان، گەیشتووەتە ئاستە ترسناكەكەی و بە ئاشكرا هەر دەنگێك لە دەرەوەی خۆیانەوە بێت و سیاسەت و ئایدیۆلۆژیاكەیان پەسەند نەكات، سەركوت و كپی دەكەنەوە، بۆیە ئێستا بەندیخانەكانییان پڕكراون لەو مرۆڤە ئازادیخوازانەی، كە لە ژێر بەرنامە و ستەمی پەكەكەدا، درێژە بە خەباتی سیاسییان نادەن و پەكەكە و ئایدیۆلۆژیاكەی بە وەڵامدەرەوە ویستە ئازادیخوازییەكانییان نازانن.
دەقی راگەیاندراوەكەی فراكسیۆنی پارتی
ڕاگهیاندراوێک لە فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان
جەماوەری ئازیزی کوردستان
ڕای گشتی وهێزولایەنە ئازادیخوازوئارامی ویستانی وڵات.
بەداخەوە درێژەپێدانی سیاسەتی تۆتالیتارییانەی پەكەكە لە ڕۆژئاوای كوردستان، گەیشتووەتە ئاستە ترسناكەكەی و بە ئاشكرا هەر دەنگێك لە دەرەوەی خۆیانەوە بێت و سیاسەت و ئایدیۆلۆژیاكەیان پەسەند نەكات، سەركوت و كپی دەكەنەوە، بۆیە ئێستا بەندیخانەكانییان پڕكراون لەو مرۆڤە ئازادیخوازانەی، كە لە ژێر بەرنامە و ستەمی پەكەكەدا، درێژە بە خەباتی سیاسییان نادەن و پەكەكە و ئایدیۆلۆژیاكەی بە وەڵامدەرەوە ویستە ئازادیخوازییەكانییان نازانن.
لقی پەكەكە لەڕۆژئاوی کوردستان وله دوو ڕۆژی ڕابردوودا، لە درێژەی سەپاندنی ویستە تۆتالیتارییەكەیاندا، لە قامیشلۆ، عامودا، دێریكێ و چەندین شوێنی دیكە، هەڵیانكوتاوەتە سەر بارەگانی ئەنەكەسە و دایانخستوون، لە هەندێك بارەگایشدا بەوەوە ڕانەوەستاون و دەستییان بە تاڵانكردن و سوتاندنیان كردوون و پرۆسەكەیشییان بەردەوامە، ئەمە جگە لەوەی كە دەمێكە هەڵدەكوتنە سەر ماڵ و خێزانی ئەندامان و لایەنگرانی ئەنەكەسە و لە بەرانبەر وازنەهێنانییان لە بڕوای سیاسییان و یان وازنەهێنانییان لە پێشمەرگایەتی، ڕووبەڕووی هەڕەشەی كوشتن، بەندكردن، ئەشكەنجەدانییان دەكەنەوە.
پەیڕەوكردنی ئەو سیاسەتەیش، دوو ئامانجی لە پشتەوەن.
یەكەم: دەركەوتنی ڕووی ترسناكی ئایدیۆلۆژیای پەكەكە، كە بنەما لە تۆتالیتارییەت وەردەگرێت.
دووەم: سەرنەكەوتنی پرۆژە سیاسییەكانییان لە ڕۆژئاوای كوردستان و داپۆشینی ئەو شكستانە، بە سەركوتكردنی ئەوانەی وەك خۆیان بیرناكەوە.
ئێمە لە فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان، وێڕای ئیدانەكردنی ئەو تاوانانەی پەكەكە، هەروەها ئاگاداریشییان دەكەینەوە، كە واز لە پەیڕەوكردنی سیاسەتی تۆقاندن بهێنن و لەوە زیاتر خەریكی تۆماركردنی شەرمەزاری و ڕسوایی دیرۆكی نەبن، چونكە پەیڕەوكردنی ئەو ویست و سیاسەتانە، لە سەرشۆڕی و ڕسوایی زیاتر، شتێكی تری لێبەرهەم نایەت و لە دوایشدا دەكەونە بەر غەزەبی گەل.
پەكەكە لە هەرێمی كوردستانیشدا، بەهۆی داگیركردنی (515) گوند، كە (304) گوندییان لە پارێزگای دهۆك و (177) گوند لە پارێزگای هەولێر و (34) گوند لە پاێزگای سلێمانی، بۆتە هۆی كاولكاری ئەو گوندانە و بەو هۆیەیشەوە، حكومەتی هەرێمی كوردستان نەیتوانیوە وەك پێویست خزمەتگوزارییان بۆ دابین بكات، بۆیە ئەو داگیركارییانەیش نەك بە تەنها پێشلكارییەكە لە بەرانبەر سیادەوسەروەری ههرێمی کوردستان و دامودەزگاكانی، تاوانێكیشە دژ بە هاونیشتیمانییانی هەرێمی كوردستان بە گشتی و گوندنشینان بە تایبەتی و ڕێگرییە لە پرۆسەی ئاوەدان كردنەوەی وڵات.
بۆیه باشترین ڕێگا ئهوەیە هەرچی زووە ههرێمی کوردستان جێ بێڵن.
ئەزموونی چەند ساڵی ڕابردوو سەلماندوویەتی، پەكەكە لە هەر شوێنێك بێت، جگە لەوەی ناتوانێت لەگەڵ هیچ كەس و لایەنێك بسازێت وکەسی تری قبوڵ نییه ، بەڵكو بە هەموو توانایەكیشیەوە، هەوڵی شێواندنی سرووشتی ژیانی هاوونیشتیمانییان دەدات و ڕێگریشە لە ئاوەدانكردنەوە.
فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان
15ی ئازاری 2017