ئەمساڵ 162 پڕۆژەی خزمەتگوزاری بە گوژمەی 91 ملیار و 277 ملیۆن دینار لەسەر سنووری پارێزگای هەولێر ئەنجامدەدرێن

پارێزگاری هەولێر رایدەگەینێت، ئەمساڵ لەسەر بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکان، 162 پڕۆژە لە سنووری پارێزگای هەولێر بە گوژمەی 91 ملیار و 277 ملیۆن دینار جێبەجێ دەکرێن.

 

ئەمڕۆ پێنجشەممە، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: “لە چوارچێوەی ئەو گرنگیدانەی حکومەت و وەزارەتەکان و ئەنجومەنی وەزیران بەتایبەتی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمساڵ بودجەیەکی باشتر و زۆرتر بۆ پارێزگاکان تەرخانکراوە، کە راستەوخۆ پەیوەندی بە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی هاووڵاتیانەوە هەیە، بودجەکە لەسەر بنەمای ژمارەی دانیشتوان بۆ پڕۆژەکان دیار دەکرێت”.

 

پارێزگاری هەولێر گوتیشی: “ئەمساڵ 162 پڕۆژەی خزمەتگوزاری بە گوژمەی 91 ملیار و 277 ملیۆن دینار لەسەر سنووری پارێزگای هەولێر ئەنجامدەدرێن”.

 

روونیکردەوە: “پڕۆژەکان دابەشکراون بۆ دوو بەش، بەشێکیان تازەن و پلانی نوێیان بۆ دانراوە 128 پڕۆژەن، ئەوانی دیکە ئەو پڕۆژانەن کە لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا تەواو نەکراون 34 پڕۆژەن لەسەر بودجەی پەرەپێدان تەواو دەکرێن”.

 

ئومێد خۆشناو، گوتیشی: “ئەو پڕۆژانەی دەکەونە بواری جێبەجێکردنەوە بەسەر 8 قەزای سنووری پارێزگای هەولێر دابەش دەکرێن و بە هاوسەنگی لەنێوان ناو شار و دەرەوەی شار دابەشکراون، زۆر لە پڕۆژەکان لە دەرەوەی شار جێبەجێ دەکرێن، بەتایبەتی لەو جێیانەی پڕۆژەیان لێ ئەنجام نەدراوە، ئەمەش لەسەر راسپاردەی سەرۆکی حکومەت، کە هەمیشە رامان دەسپێرێت پڕۆژە بگەیەنینە ئەو شوێنانەی وەک پێویست خزمەتیان نەکراوە و شوێنی هەژار نشینن”.

 

باسی لەوەشکرد: ” %63ی پڕۆژەکان بۆ رێگاوبان و قیڕکردنە، ئەوەی دیکەش بۆ ئاو و ئاوەڕۆ و تەندروستی و پەروەردە و پڕۆژەکانی دیکەیە، تەواوی پڕۆژەکان هەنوکەیی و خزمەتگوزاریین، جگە لەو پڕۆژانەش کۆمەڵێک پڕۆژەی دیکەی ستراتیژی ئەنجام دەدرێن، ئەوەی باسمان کرد تەنها لەسەر بودجەی پەرەپێدانی پارێزگایە”.

 

ئەوەشی خستەڕوو: “چەند پڕۆژەیەکی دیکەی ستراتیژی جێبەجێ دەکرێن، یەکێک لەو پڕۆژانە تەواو کردنی جوتسایدی شەقامی فیدراڵ لە کۆیە کە زیاتر لە شەش ملیار دیناری بۆ تەرخانکراوە و لە ئایندەیەکی نزیکدا دەکەوێتە بواری جێبەجێکردن، هەروەها قێرکردنی کۆڵانەکانی گەڕەکی سیمی خاتووناوە، کە یەکێک لە داخوازییەکانی دانیشتوانە، گرفتێکمان بۆ هاتووەتە پێش لەگەڵ بەڵێندەر لە چەند رۆژی داهاتوو رێکارە یاساییەکانی تەواو دەبێ و دەستپێدەکات، هەروەها چاککردنی رێگای بالیسان بودجەی بۆ تەرخانکراوە و دەستپێدەکات”.

 

پارێزگاری هەولێر، باسی لەوەشکرد: “لەسەر بودجەی پەرەپیدان رێگای قەزای خەبات کە رێگایەکی ستراتیژییە لە ئایندەیەکی نزیکدا دەستپێدەکات، هەروەها خزمەتگوزاری بۆ کەرتی 8ی حەسارۆک بابەتێکی گرنگە و سەرۆکی حکومەت زۆر لەسەر ئەو بابەتە جدییە و دەستیپێکردووە و ئێمە و وەزارەتی شارەوانی و لایەنە پەیوەندیدارەکان راسپێردراوین کە خزمەتگوزارییەکان لەو کەرتە جێبەجێ بکەین”.

Back to top button