کابینەی نۆیەم مانگانە زیاتر لە ٩ ملیار دینار بۆ کۆکردنەوە و چارەسەر کردنی خۆڵ و خاشاک تەرخان دەکات
کابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی کوردستان، گرنگییەکی تایبەتی بە سێکتەری کۆکردنەوە و چارەسەرکردنی خاشاک داوە، ئەوەش لە پێناو پاراستنی تەندروستی گشتی و پاراستنی سروشت و دابینکردنی ژینگەیەکی گونجاو بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان.
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- وەزارەتی شارەوانی و گەشتووگوزار لە ئێستادا ٣٢ گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیاكان هەیە بۆ کۆکردنەوە و چارەسەرکردنی خۆڵ و خاشاک لە هەرێمی کوردستان، کە پێشتر ئەو گرێبەستانە ٢٨ گرێبەست بوون و مانگانە گوژمەی ١١ ملیار و ٨٨٧ ملیۆن و ٦٥٠ هەزار و ٤٥٤ دیناری بۆ تەرخان کرابوو، بەڵام لە کابینەی نۆیەمدا سەرەڕای زیادکردنی ٤ گرێبەستی دیکە، ئەو گوژمەیە بۆ ٩ ملیار و ٦٦٦ ملیۆن و ٥٨ هەزار و ٦٣٨ دینار کەمکرایەوە و بەوەش مانگانە زیاتر لە دوو ملیار دینار بۆ خەزێنەی حکومەت دەگەڕێتەوە.
کارگەکانی چارەسەرکردنی خاشاک
لە ئێستادا لە هەرێمی کوردستان چەند کارگەیەک دامەزراوە بۆ چارەسەرکردنی خاشاک و پاشماوەی هاووڵاتییان، کە ئەو کارگانەش بەپێی شوێنی جوگرافیی بەسەر ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دا دابەش بوون، کە ئەوانیش بریتین له پڕۆژەى چارەسەرکردنى خاشاک لە تانجەرۆ لە پارێزگای سلێمانى، پڕۆژەى چارەسەرکردنى خاشاک لە کواشێ لە دهۆک، پڕۆژەى چارەسەرکردنى خاشاک لە گەدەسین لە شارەوانیى ئاکرێ.
هەروەها ژمارەیەک پرۆژەش لە ژێر جێبەجێ کردندان، وەک پڕۆژەى چارەسەرکردنى خاشاک لە تەکییە لە شارەوانى چەمچەماڵ، پڕۆژەی چارەسەرکردنی خاشاک لە قەدەش لە شارەوانی ئامێدی.
هەندێک پرۆژەش تاوەکو ئێستا نەچوونەتە بواری جێبەجێکردنەوە وەک پڕۆژەى چارەسەرکردنى خاشاک لە گریزە لە سنوورى ئیدارەى سەید سادق، پڕۆژەى چارەسەرکردنى خاشاک لە زاخۆ کە پێکهاتووە لە دروستکردنى شوێنى داپۆشینى تەندروستى لاندفیل.
جگە لەوانەش پڕۆژەیەکی دیكه هەیە کە لەژێر بواری جێبەجێکردندایە، ئەویش پڕۆژەى چارەسەرکردنى خاشاکى شارى هەولێر و دەورووبەریەتی، پرۆژەیەکی توێژینهوهی زانستیش لەسەر زبڵخانەکانی كانی قڕژاڵە لە شاری هەولێر كراوەتەوە.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری
٨ی تەمووزی ٢٠٢٢