دیپلۆماتێکی پێشووی ئێران سزای زیندانی هەتاهەتایی بەسەردا سەپێندرا
دادوەر و دەستەی سوێندخواردنی دادگای ناوچەی ستۆکهۆڵم ڕۆژی پێنجشەممە دوای ٩ مانگ لێکۆڵینەوە، بڕیاری حەمید نوورییان ڕاگەیاند کە تۆمەتبار بوو بە تێوەگلانی لە سێدارەدانی بەکۆمەڵی زیندانیانی سیاسی لە هاوینی ساڵی1988 لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان .
ڕۆژی پێنجشەممە دادگا سزای زیندانی هەتاهەتایی بۆ بەڕێز نووری پەسەند کرد.
ئەمە یەکەمجارە دوای زیاتر لە سێ دەیە لە سێدارەدانی بەکۆمەڵی زیندانیانی سیاسی لە هاوینی ساڵی1988 لە بەندیخانەکانی ئێران، یەکێک لە تۆمەتبارانی ئەم دۆسیەیە دادگایی دەکرێت و سزای بەسەردا سەپێنراوە.
پێشتر داواکاری گشتیی سوید نووری بە “تاوانی جەنگ” و “کوشتنی بە ئەنقەست” تۆمەتبار کردبوو و داوای سزای “بەندکردنی هەتاهەتایی”ی کردبوو.
حەمید نووری ناسراو بە “حەمید عەباسی”، یاریدەدەری پێشووی داواکاری گشتی زیندانی گوهەردەشت، بۆ ماوەی ٩ مانگ لە سوید بە دوو تۆمەتی سەرەکی “تاوانی جەنگی نێودەوڵەتی” و “کوشتنی بە ئەنقەست” دادگایی کرا.
حەمید نووری بەنێوی خوازراوی “عەباسی” ساڵی 2019 دەچێتە سوێد و لە فڕۆکەخانەی ئەو وڵاتە لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیر دەکرێت.