وەزارەتی ناوخۆ بڕیارێکی لەبارەی ئەو ئۆتۆمبێلانەی کە کێشەی تۆمارکردنیان هەیە دا

فەرمانگەی میدیاو زانیاری رای گەیاند، ئەو ئۆتۆمبێلانە تۆماردەکات کە هاتوونەتە ناو هەرێمەوە و کێشەی بچووکی سەلامەتییان هەیە.

لە راگەیێندراوێکدا فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە: “بەپێی بەیانی ژمارە 16ی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، کە لە ڕێکەوتی 4ی تەمووزی 2022 دەریکردووە، لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندیی گشتی، ئەو ئۆتۆمبێلانە تۆماردەکات کە تازە هاتوونەتە ناو هەرێمی کوردستان و مەرجی بچووکی سەلامەتییان تێدانیە، وەک، لەحیمی بچووک، درز یان کونێک لە شانسی. جگە لە ئۆتۆمبێلانەی مەرجی گەورەی سەلامەتییان تێدا نیە وەک ئەو ئۆتۆمبێلانەی ژێرئاوکەوتوو و سووتاو و بڕاوەن”.

ئەوەش خراوەتە روو: “وەزارەتی ناوخۆ ئاماژە بەوە دەکات، بڕیارەکە تەنیا ئەو ئۆتۆمبێلانە دەگرێتەوە کە تا کاتژمێر 3ی پاش نیوەڕۆی ڕێکەوتی 4ی تەمووزی 2022 هاتوونەتە ناو هەرێمی کوردستانەوە و هەر ئۆتۆمبێلێکیش بەدەر لە ڕێنماییەکانی ئەو بەیانە لە دوای ڕێکەوتی بڕیارەکەوە بڕوانامەی (COC)ی بۆ ڕێکبخرێت، ئەوا کۆمپانیای پشکنینی کوالیتی بەو هۆیەوە سزادەدرێت”.

 

ئەوەش خراوەتەروو “لەو سۆنگەیەوە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتوچۆی هەرێم لە 6ی تەمووزی 2022، لە ژێڕ ڕۆشنایی ئەو بڕیارەی وەزارەتی ناوخۆ، هەموو بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتوچۆی هەرێمی بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکە ڕاسپاردووە و هەلومەرجی پێکهێنانی لیژنە و پشکنینی ئۆتۆمبێلەکانی دیاریکردووە”.

Back to top button