وەزیری داد: له‌ رێگه‌ی به‌رنامه‌ی چاكسازییه‌وه‌ بڕی 58 ملیار دینار بۆ خه‌زێنه‌ی گشتی زیادكراوه.

فەرسەت ئەحمەد، وەزیری دادی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە وتەیەکدا بە بۆنەی تێپەڕبوونی سێ ساڵ بەسەر کابینەی نۆیەمى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، ڕایگەیاند: ”وەزارەتى داد کە لە 225 فەرمانگە و چوار هه‌زار و 404 فەرمانبەر پێک دێت، لە ساڵی 2021دا لە کابینەی نۆیەم توانیویەتی لە ڕێگەى چاکسازى و ڕێکخستنى کارى ئیدارییەوە، زیاتر لە 58 ملیار دینار بگەڕێنێتەوە بۆ خەزێنەى حکوومه‌ت”.

 

وەزیری داد ئاماژە بەوەش دەکات کە لە ماوەی ئەو سێ ساڵەدا وەزارەتەکەیان توانیویەتی، ناوەندی توێژینەوەی یاسایی لە ساڵی 2020 دامەزراندووە و گۆڤاری گرێبەستی كۆمەڵایەتی بە سێ زمانی كوردی و عەرەبی و ئینگلیزی دەرکردووە، ئەمە سەرەڕاى چاپکردنى پێنج کتێب و ئەنجامدانى چەندین وۆرکشۆپى تایبەت بە یاساى بازرگانى و ئەنجامدانى دوو کۆنگرەی زانستی بە شێوەى ئۆنلاین و هەروەها 45 ژمارەی لە ڕۆژنامەی فەرمی وەقایعی كوردستان دەرکردووە.

 

سەبارەت بە ئەنجوومەنی شووراش، فەرسەد ئەحمەد ده‌ڵێ: ”لە ئەنجوومەنی شوورا چەندین چالاکیی یاسایی ئەنجام دراون، لەوانە 61 پڕۆژەیاسا، 69 ڕادەربڕین، 25 پەیڕەو و 44 ڕێنمایی دەرکراون، کار لەسەر زیاتر لە هه‌زار و 700 داواى کارگێڕی و دەستەی ئینزباتیی فەرمانبەران کراوە و لە دەستەی سەرپەرشتیاریی دادیش کە پێشتر 10 سەرپەرشتیار بوون، لە كابینەی نۆیەم کراون بە 14 سەرپەرشتیار”.

 

وەزیری داد باسى له‌وه‌ش كردووه‌، کە لە داواكاری گشتی و لەم سێ ساڵەدا هه‌زار و 726 سەردان و بەدواداچوون هەبووە، کار لەسەر 75 تانە لە بەرژەوەندیی یاسا کراوە، 464 دۆسیە یەکلا کراونەتەوە و هه‌زار و 363 سكاڵای داوای مافی گشتی لە دادگاکان جووڵێندراون و بەدواداچوونیش بۆ هه‌زار و 673 كێشەی کۆمەڵایەتی و زیادەرۆیی و سەرپێچی كراوە.

 

لەبارەی پەیمانگەی دادوەریش وەزیری داد ئاماژەی بەوە دا، کە لەم کابینەیەدا دوو خول بە بەشداریى 120 کەس ئەنجام دراون، کە تێیدا 47 دادوەر و 12 ئەندامى داواکارى گشتى دامەزرێنراون، لە بوارى تۆماركردنی خانووبەرەدا لەم سێ ساڵەدا هەزار و 877 تۆماری هەمیشەیی بە ئەلیكترۆنی كراون، كە زیاتر لە 750 هەزار مامەڵە لەخۆ دەگرێت، هەروەها سەرجەم تۆمارە كەسییەكان كە ژمارەیان 828 تۆمارە، بە ئەلیکترۆنى کراون، لە 11 فەرمانگەی تۆماركردنی خانووبەرە وێنەی تۆمار (صورە قید) بە ئەلیكترۆنی کراوە و 55 هەزار کارتى زەوی گۆڕاوە بۆ سەنەد و ئامادەكاری كراوە بۆ تۆماركردنی 190 هەزار یەكەی نیشتەجێی وەبەرهێنان و ڕەزامەندیش دراوە بە 373 نووسینگەی فرۆشتنی خانوو و زەوی، “بەمەش تێدەگەین کە لە ماوەی سێ ساڵی كابینەی نۆیەم، تاپۆ نزیكەی پێنج ملیۆن مامەڵەی جۆراوجۆری تێدا ئەنجام دراوە”.

 

فەرسەت ئەحمەد دەڵێت: “گەورەترین پڕۆسە کە لە سەرتاسەرى حکوومەتى هەرێمى کوردستان ئەنجام درابێت لە فەرمانگە دادییەكان بووە، کە ئەویش پڕۆسەی بە ئەلیكترۆنیكردنی فەرمانگەكانی دادنووسییەکانە و تا ئێستا لە کۆی 68 فەرمانگە، 57 فەرمانگەیان بە ئەلیكترۆنی كراون، بەمەش هەم خزمەتگوزاریى گەورە پێشکەشی هاووڵاتییان کراوە، لە ڕووى شێوە و کارکردنیشەوە سیستەمێکى مۆدێرن و سەردەمیانە خراوەتە بەردەم هاووڵاتییان”.

 

بە گوتەی وەزیری داد لە ماوەی سێ ساڵی کابینەی نۆیەم، چوار هەزار و 158 دۆسیە وردبینی كراون و ئەژماری بانكی بۆ دوو هەزار و 599 فەرمانبەر كراوەتەوە، زیاتر لە 120 زیادەی پلە و سەرمووچە چارەسەر کراون، هەر لە ئەنجامی جێبەجێكردنی ئەم یاسایە، بڕى زیاتر لە 14 ملیۆن و 500 هەزار دینار بۆ خەزێنەی حکوومەت گەڕاوەتەوە.

 

فەرسەت ئەحمەت راشیگەیاند: ”473 ئەندامی داواکاری گشتی لە لیژنەی جیاجیا دانراون بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و لێپرسینەوە لە فەرمانبەرانی سەرپێچیكار و كەمتەرخەم، هەروەها لیژنەیەکی تایبەت بۆ بەدواداچوونی سکاڵای هاووڵاتییان و فەرمانبەران لە ڕێگەی سۆشیال میدیا، ئیمێڵ، تەلەفۆن، سندووقی سکاڵا دەستبەکار بووە و هەر لەم ماوەیەدا 13 ناوەندى توێژینەوە و تێبینەرایەتیى تۆمارکردنى خانووبەرە و دادگە و بەڕێوەبەرایەتى و بەش و فەرمانگەمان کردووەتەوە بۆ خزمەتگەیاندنى زیاتر بە هاووڵاتییان”

Back to top button