وەزیری پێشمەرگە: 33 هەزار و 382 ئه‌فسه‌ر و پله‌دار و پێشمه‌رگه‌ به‌ شێوه‌ی چه‌كی بانكی مووچه‌ وه‌رده‌گرن

وەزیری پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە بۆنەی تێپەڕبوونی سێ ساڵ بەسەر کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا، وتارێکی پێشکەش کرد ورای دەگەیەنێت، چاكسازی زۆر لە وەزارەتی پێشمەرگە كراوە و ئێستە بۆ پاراستنی گیانی پێشمەرگە 70%ـی سەنگەرەكانی پێشمەرگە كۆنكرێت كراوە.

 

ئەمڕۆ هەینی 15ـی تەمووز، شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەگرەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رای گەیاند، لە سێ‌ ساڵی كابینەی نۆی حكوومەت دوو پڕۆژە‌ی گرنگی مێژووییمان تەواو كردوون كە دەسكەوتێكی گرنگی وەزارەتی پێشمەرگەن، ئەوانیش دروستكردنی یەك یەكەی ژمێریاری سەربازی بۆ هەموو پێشمەرگەی كوردستان و پڕۆژە‌ی ستراتیژی بەرگری بوون.

 

لە بارەی گواستنەوەی دۆسیەی خانەنشینانی پێشمەرگەش وەزیری پێشمەرگە رای گەیاند، سێ‌ هەزار و 86 دۆسیە پێشمەرگە گواستراوەتەوە بۆ سەر میلاكی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی خانەنیشین لە ‌وەزارەتی دارایی و هەزار و 86 دۆسیەی شەهیدانی سەنگەر دژ بەتیرۆریستانی داعشیش لە ‌وەزارەتی پێشمەرگە و هێزەكانی 70 و 80 گواستراونەتەوە بۆ سەر میلاكی وەزارەتی شەهیدان.

 

باسی لەوەش كردووە، كە رێگریان لە بەهەدەردان كردووە و نزیكەی هەشت ملیار دیناریان لە ساڵێك گەڕاندووەتەوە بۆ خەزێنەی حكوومەت. هەروەها نزیكەی 14 ملیار دیناریان بۆ هاوكاری و تێچووی چارەسەری بریندارانی جەنگ و گەڕاندنەوەی بەشێك لەقەرزی كەڵەكبووی سەر وەزارەت خەرج كردووە و پلانی كاركردن بەشێوەیی ئەلیكترۆنی كراوە لە ڕێی گەورەترین كۆمپانیا كە بودجەكەی لە لایەن ئەمریكاوە تەرخان كراوە.

 

روونی كردووەتەوە، دوو كەتیبەی تۆپخانەی مەیدانی یەك و دوو یەكەی جێندەری و چوار بنكەی هەماهەنگی هاوبەشمان دروست كردوون، هەروەها شانەیەكی میدیا و هۆشیاریی پێشمەرگەیان بە هەماهەنگی لەگەڵ شانەی جەنگی عێراقی دامەزراندووە و بەمەش لێدوان و چاوپێكەوتنی رۆژنامەوانیمان بۆ گشت فەرماندەو لێپرسراو و ئەفسەران ڕێك خستووەتەوە و لیواكانی (15، 17، 18، 19، 21 و 22) و هێزەكانی پشتیوانی یەك و دوویان لە هەردوو یەكەی 70 و 80 گواستووەتەوە سەر وەزارەتی پێشمەرگە كە بە هەموویانەوە ژمارەیان زیاتر لە 28 هەزار ئەفسەر و پلەدار و پێشمەرگەیە.

 

وەزیری پێشمەرگە رای دەگەیەنێت، پێداچوونەوەیان بە نۆ هەزار و 578 كەمئەندامی پێشمەرگە كردووە و لە لایەن لیژنەی باڵای پزیشكییەوە پشكنینمان بۆیان كردووە، بەمەش تەنیا چوار هەزار و 664 كەمئەندام ڕێژەی پێویستیان هێناوە، بەمەش داهاتێكی زۆریان گەڕاندەوە بۆ حكوومەت. هەروەها لە سێ ساڵی ڕابردوودا، خشتەی پلەبەرزكردنەوەی ئەفسەرانمان بۆ ساڵەكانی 2016 و 2017 گەڕاندووەتەوە كە زیاتر لە شەش هەزار كەس بوون و وا بڕیاریشە بەم نزیكانە خشتەكانی 2018 و 2019 بۆ بگەڕێتەوە.

 

شۆرش ئیسماعیل باسی لەوە كردووە، بۆ پاراستنی گیانی پێشمەرگەكان، میحوەر و ‌سەنگەرە‌كانیان لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان كۆنكریت كردووە كە ئێستە 70%ی كارەكانی تەواو بووە.

Back to top button