وەزیری ئاوەدانکردنەوە: لە کابینەی نۆیەم توانیمان هەنگاوى یەکەم بنێین بۆ دامەزراندنى هێڵى ئاسنین

 

دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن لە گوتارێکدا بەبۆنەی تێپەڕبوونی سێ ساڵ بەسەر کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، رایگەیاند، “لە ماوەی سێ ساڵی رابردووی تەمەنی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، توانیومانە 60 پڕۆژەى رێگاوبان جێبەجێ بکەین”.

دانا عەبدولکەریم لە دەستپێکی گوتارەکەیدا باسی لە ئەرکە سەرەکیەکانی وەزارەتى ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن کرد و گوتی: “بەپێی یاسا، ئەرکی سەرەکی وەزارەتەکە لەم بڕگانەی خوارەوە پێکهاتووە کە بریتیین لە دروستکردنی رێگەوبان و پردەکان و دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبوون بۆ خەڵکی کەمدەرامەت. هەروەها ئەو بینا و پڕۆژانەی کە پەیوەندیدارن بە یەکەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەرەڕای ئەوەی لە ئەرکیدایە هێڵی شەمەندەفەر، هێڵی خێرای هاتووچۆ، هەروەها فڕۆکەخانە و ئەو پڕۆژانە جێبەجێ بكات كە لە چوارچێوەی یاسای وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردندا دیاریکراوە.”

– پڕۆژەکانی رێگاوبان

لەبارەی پرۆژەکانی رێگاوبان ماوەی سێ ساڵی رابردووی تەمەنی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، وەزیری ئاوەدانکردنەوە باسی لەوە کرد، “وەك وەزارەتی ئاوەدانکردنە، توانیومانە 60 پڕۆژەى رێگاوبان لەسەر بودجەى وەبەرهێنان بە گوژمەى گشتى 854 ملیار دینار جێبەجێ بکەین، بەرهەمەکەشی هەزار و 212 کیلۆمەتر رێگاوبان بووە، لە نێویدا 92 کیلۆمەتر دووساید و ئەوەی دیکە رێگاى یەکساید و رێگاى لاوەکى و گوند و پڕۆژەى دروستکردنى تونێل و پردى گەورەى لەخۆ گرتووە.” بەگشتى دەتوانرێت بگوترێت: لە پڕۆژەکانى رێگاوباندا لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا 12,000,000 مەتردووجا قیرتاوکردن ئەنجامدراوە.

هەروەها ئەنجامدان و تەواوکردنى 82 پڕۆژەى بچووک و مامناوەند لەسەر بودجەى ئاسایی بە گوژمەى گشتی 2,794 ملیار دینار، کە بە زۆرى ڕێگاوبانى گوندەکانى لەخۆگرتبوو.

لەلایەکی دیکەوە، 120 پڕۆژەى بچووک و مامناوەند لەسەر بودجەى داهاتى وێستگەکانى کێشکردن بە گوژمەى گشتى 7,393 ملیار دینار تەواو کراون، کە بە زۆرى چاککردنەوەى رێگا و پردى سەرەکى و رێگاوبانى گوندەکانى لەخۆگرتبوو.

– پرۆژەکانی بیناسازی و نیشتەجێکردن

لە چوارچێوەی کارەکانی بیناسازیدا، دانا عەبدولکەریم ئاماژەی بەوەدا، 9 پڕۆژەى بیناسازى و نیشتەجێکردن لەسەر بودجەى وەبەرهێنان تەواو کراوە، کە خۆى لە تەواوکردنى ژمارەیەك یەکەى نیشتەجێکردن دەبینێتەوە، بە گوژمەى گشتى 98,5 ملیار دینار.

ناوبراو گوتیشی: ” سەرەڕای بەردەوامبوون لە پاراستنى کوالیتى کەرەستەى بیناسازى پڕۆژەکان، کە ئێمە توانیومانە لە رێگەی ئەنجامدانى تاقیگەی پشکنینەوە بۆ کەرەستەکانی بیناسازی 1,560,000 پشکنینى جۆراجۆر ئەنجام بدەین”.

– دامەزراندنى هێڵى ئاسنین

سەبارەت بە دامەزراندنی هێڵی ئاسنین، لە گوتارەکەی وەزیری ئاوەدانکردنەوەدا هاتووە: “توانیمان لە کابینەی نۆیەم و لە چوارچێوەی وەزارەت هەنگاوى یەکەم بنێین بۆ دامەزراندنى هێڵى ئاسنین لە هەرێی کوردستان، کە خۆى لە ئەنجامدانى لێکۆڵینەوەى بەها دەبینێتەوە بە هاوکارى چەند کۆمپانیایەکى پسپۆڕى نێودەوڵەتى.”

– کۆی گشتی پرۆژەکان

دانا عەبدولکەریم ئاماژەی بەوەدا، “جگە لە تەواوکردنى پڕۆژەکان، وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە بەردەوامى بە ئەنجامدانى 121 پڕۆژەى جۆراوجۆرى رێگاوبان و نیشتەجێکردن داوە لەسەر بودجەى وەبەرههێنان، کە گوژمەى گشتییان زیاتر لە 2 تریلیۆن و 334 ملیار دینارە. زۆربەیان لە ماوەى 3 ساڵى ڕابردوو بەرەوپێشچوونیان بەخۆیانەوە بینیوە.”

لە گوتارەکی وەزیری ئاوەدانکردنەوەدا ئەوەش خرایەڕوو، “بەگشتى لە 3 ساڵى رابردوودا قەبارەى خەرجکردن لەلایەن وەزارتەکەوە بۆ هەموو جۆرە پڕۆژەکان 381 ملیار و 528 ملیۆن دینار بووە، کە بەم شێوەیە دابەش بوون: لە هەولێر و سۆران 86 ملیار و 428 ملیۆن دینار، لە سلێمانى و هەڵەبجە و گەرمیان و ڕاپەڕین 202 ملیار و 819 ملیۆن دینار، لە دهۆک و زاخۆ 92 ملیار و 281 ملیۆن دینار”.

دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن لە کۆتایی گوتارەکەیدا جەختی لەوە کردەوە، “هیواخوازین بتوانین وەك وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە لەو ماوەیەی کە لە تەمەنی کابینەکە ماوە، خزمەتی زیاتر بە هاووڵاتیانمان بکەین”.

Back to top button