ئومێد خۆشناو: شاسوار عەبدولواحید نایەوێ خزمەتی خەڵکی هەولێر بکا بەڵکوو بە چەند تەنکەرە ئاوێک فەوزا دروست دەکات

پارێزگاری هەولێر رایدەگەیەنێت، هەر گەڕەكێکی هەولێر بیرەکانی وشک بکات و ئاوی نەبێت، تاوەکوو لێدانی بیرێکی نوێ بۆیان، بە تانکەر ئاویان بۆ دابین دەکرێت، بەڵام ئەوەی نەوەی نوێ دەیکات بۆ فەوزا دروستکردنە، نەک خزمەتکردنی خەڵکی شاری هەولێر.

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند، لە هەر گەڕەکێکی هەولێر ئەگەر گرفتی ئاو هەبێت، بەهۆی وشکبوونی بیرە کۆنەکانە، ئەوا بیری نوێیان بۆ لێ دەدرێت، گوتیشی: هەرکات گرفتی ئاو لە هەر گەڕەکێکی هەولێر هەبێت، ئەوا شارەوانییەکان ژمارەکانیان بڵاو کردووەتەوە و لە ڕێگەی تانکەرەوە ئاو بۆ ئەو ماڵانە دابین دەکرێت، کە لەو گەڕەکانە گرفتیان بۆ دروست بووە، زۆربەی گرفتەکانیش جگە لەوەی لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا بۆڕی ئیفراز شکا و چاک کرایەوە، تەنیا وشکبوونی بیرە کۆنەکانی ئاوە بەهۆی وشکەساڵییەوە، کە ئێستا بیری نوێیان بۆ لێ دەدرێت.

پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بەوەش دا، ئەوەی نەوەی نوێ دەیکات و تانکەرێکی ئاو دەنێرێ، تەنیا بۆ فەوزا دروستکردنە و نیەتەکە بۆ خزمەتکردنی خەڵک نییە، گوتی: رۆژانە لە هەر شوێنێک گرفت هەبووبێت، تیمەکانی شارەوانی لە ڕێگەی تانکەرەوە چارەسەریان کردووە، بەڵام ئەوە ئەرکە و هەر باسمان نەکردووە، بۆیە ئەوەی ئەو برادەرانە دەیکەن خزمەتکردن نییە، جۆرێکە لە دروستکردنی فەوزا.

Back to top button