كاندیدی پارتی لە كورسیی سەرۆك كۆماری عێراق نزیك دەبێتەوە
بڕیارە ڕۆژی چوارشەممە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كۆبوونەوەی خۆی ئەنجام بدات، چوارچێوەی هاوئاهەنگیش رایگەیاندووە، پێویستە سەرۆك كۆمار بێتە هەڵبژاردن، ئێستا بەهۆی ئەو كێشانەی لەناو چوارچێوەكەدا هەیە، كاندیدی پارتی لە كورسی سەرۆك كۆمار نزیك بووەتەوە.
مەحما خەلیل ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، پارتی دیموكراتی كوردستان كاندیدی خۆی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار هەیە كە ڕێبەر ئەحمەدە، ئێستا چانسی بوونی بە سەرۆك كۆمار زیاترە، ئەوەیش بەهۆی ئەو ناكۆكییەی لەناو چوارچێوەی هاوئاهەنگی هەیە.
خەلیل زیاتر دەڵێ، ئەگەری هەیە ڕۆژی چوارشەممه كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئەنجام بدرێ، پارتیش بۆ بەشداركردنی لە كۆبوونەوەكە، بڕیاری كۆتایی دەدات، بەڵام تا ئێستا هیچ ئەگەرێك نییە بۆ بەشداری نەكردن.