د. بەھرۆز جەعفەر: ئەمریکا قەبووڵی ناکات عێراق دەست بەسەر نەوتی ھەرێمی كوردستاندا بگرێت

دوای ئەوەی ناوەندی (گیپسۆن دان) ی یاسایی لەبارەی فشارە یاساییەکانی دادگای فیدرالی عێراق بۆ سەر  کەرتی وزەی هەرێم، هەنگاوەکانی عێراقی بە نایاسایی دانا، توێژەرەێکی کەرتی وزەش ئاماژە بەوە دەکات، کە کۆمپانیای گیپسۆن دان، لە ئاستی جیهاندا گوێی لێ دەگیرێت.

د. بەھرۆز جەعفەر، سەرۆکی پەیمانگەی مێدیتریانە بۆ توێژینەوەی ھەرێمایەتی و توێژەر لە بواری نەوت و وزە  ڕاگەیاند، لە دوای سەردانەکەی جۆ بایدن، سەرۆکی ویلایەتە یەگرتووەکانی ئەمریکا بۆ لوتکەی جەددە لە سعودیا كە لە كۆبوونەوەی لەگەڵ شاندی عێراقی ئاماژەی بەوەکرد، ئەوان عێراقێکی سەقامگیریان دەوێت بە ھەرێمی کوردستانەوە، ”بێگومان ئەوە ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ ئەوەی ململانێکانی ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدرالی بە ھەر شێوەیەک بێت کپ و خامۆش بکرێت، لەگەڵ ئەوەشدا ئاستی بەرھەمھێانی نەوت بەرز بکرێتەوە.
هەروەها راشیگەیاندووە کە زۆر لایەنی عێراقی و خودی موقتەدا سەدر بەڵێنیان داوە کە سەرۆک وەزیرانێک دابنێن لە کێشەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق بێلایەن بێت و تەواوی کێشەکان سفر بکاتەوە و کۆتاییان پێ بھێنێت“.

لە بارەی ڕاگەیێندراوەکەی ناوەندی گیپسۆن ئەو توێژەرە دەڵێت : ”ناوەندی گیپسۆن کە کۆمپانیایەکی یاسایی نێودەوڵەتییە و لە دوای جەنگی جیھانی دووەمەوە بەشێکی گرنگە لەو کۆمپانیایانەی وەکوو ئەکتەری نا دەوڵەتی کار دەکەن و لە ئاستی دونیادا گوێیان لێ دەگیرێت، بەڵام من وەکوو توێژەرێکی نەوت و وزە دڵنیام سەدان ناوەند و کۆمپانیای گەورەی یاسایی و ناوەندی بیرکردنەوە و میدیایی گەورە لە جیھاندا هەن، دەتوانن لەو جۆرە قسانە بکەن و لۆبی بۆ پرسی کورد بکەن، بۆیە لەم کێڵگەیە و لەم بوارەدا کورد دەبێت خۆی ئەمانە بھێنیتە دی و ئامادەگی لە دونیادا ھەبێت، لە پایتەختەكانی وەك (لەندەن، واشنتۆن، ئەبوزەبی، ڕیاز و پەکین) ئۆفیسی لەو وڵاتانە ھەبێت، بۆ ئەوەی کاری جددی لەگەڵ ئەو ناوەندانە بکات تاوەكوو بە قازانجی دۆزی کورد ڕایەگشتی لە جیھاندا بجووڵێنن“.
ئەوەش خستە ڕوو، تەواوی گرێبەستە نەوتییەکانی ھەرێمی کوردستان ”یاساییە“، لەبەر ئەوەی بەپێی یاسای ژمارە 22ی ساڵی 2007 یاسای تایبەت بە نەوت و غازی پەرلەمانی کوردستان دەرچوێنراوە، ماددەی یەکی ئەو یاسایە لە دە خاڵ پێکھاتووە، ئاماژە بە دەسەڵاتەكانی ئەنجوومەنی ھەرێمی کراوە، ھەروەھا ئەنجوومەنی ھەرێمی بەپێی یاسا ھەستاون ئەو گرێبەستانەیان کردووە، بۆیە ئەو بڕیارانەی دادگای فیدڕاڵی عێراقی و ئەو کارانەی وەزیری نەوتی عێراق دەیکات، جموجۆڵی سیاسی و فشاری سیاسین، ھەڵقوڵاوی دەستوور و یاساکانی عێراق نین“.

دکتۆر بەھرۆز جەعفەر، جەختی لەوەش کردەوە، داھاتووی ھەرێمی کوردستان، ”پڕە لە دەرفەتی گەورە گەورە، بەڵام باشترە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، پێداچوونەوە بە گرێبەستە نەوتییەکان بکات، خۆی کۆمپانیایەکی نەوتی خۆماڵی و دیجتاڵی دامەزرێنێ و ئۆفیس لە دەرەوەی وڵات بکاتەوە و لۆبی بۆ نەوت و گازی سرووستی بكات و بەبازاڕی بکات، بێگومان ئەو کاتە دەرفەتەکان بۆ کورد زێڕین دەبێت، بە جۆرێک ھەرێمی کوردستان دەبێتە یاریزانێکی نێودەوڵەتی و ھەرێمیی گرنگ و دەتوانێ خۆی بخاتە سەر نەخشەی وزەی جیھانی“.

بە بڕوای ئەو توێژەرەی بواری نەوت و وزە، ”ئەوەی گرنگە ھەرگیز ئەمریکا ڕێگە نادات حکوومەتی عێراق دەست بەسەر نەوتی ھەرێمی کوردستاندا بگرێت، چونکە ئێمە چەندین جار لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکا و دیبلۆماتکارانی ئەمریکا لە چوارچێوەی کۆنفڕانس و ئاسایشی وزە لە دەریای سپی ناوەڕاست بەجددی باسی ھەرێمی کوردستان کراوە“.

گوتیشی: ”ئەگەر بەغدا لەو گێچەڵانە بەردەوا بێت، ھەرێمی کوردستان دەتوانێت ھێرشی پێچەوانە ئەنجام بدات، هەروەك راگەیاندراوەكەی ناوەندی گیپسۆنیش ئاماژەی پێداوە.، زۆربەی کۆمپانیا نەوتییە جیھانییەکان لەم سنوورەن، ئەو کۆمپانیا نەوتییانە دەتوانن سکاڵا لەسەر حکوومەتی عێراقی تۆمار بکەن“.

Back to top button