وەزارەتی پێشمەرگە: دوو فیرقەی نوێ بۆ هیزەکانی پێشمەرگە دروستدەکرێن
وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند، گفتوگۆیان لەبارەی دروستکردنی دو فیرقە بۆ هێزەکانی پێشمەرگە و فەرماندەیی و پرۆسەی هەماهەنگی نێوان هەردولا کراوە و وەزارەتی پێشمەرگە کار دەکات بۆئەوەی لەماوەیەکی نزیکدا، ئەم یەکە سەربازییە نوێیانە دروستبکرێن.
وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێم، لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە،” ئەمڕۆ فەریق روکن عیسا عوزێر سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە، لەگەڵ کۆڵۆنێڵ رۆب درایڤەر راوێژکاری باڵای سەربازی وڵاتی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان و شاندی یاوەری کۆبوەوە و گفتوگۆ لەبارەی چەند پرسێکەوە کران”.
ئاماژەی بەوەشکردوە،” لەبەشێکی کۆبونەوەکەدا باس لە پڕۆسەی چاکسازی کرا بەشێوەیەک لەگەڵ بارودۆخی ناوچەکە گونجاو بێت، لەوبارەیەشەوە سەرۆک ئەرکان رایگەیاند” لە پلانی نوێی سەرۆکایەتی ئەرکاندا هەیە، کە بەم زوانە پڕۆسەی چاکسازی بە میتۆدی کوردی لەناو وەزارەتدا بەرەو پێشببرێت و کاری بەردەوامی لەسەر بکرێت”.
ئاشکراشیکردوە،” لەبەشێکی دیکەی کۆبونەوەکەدا دروستکردنی دو فیرقە بۆ هێزەکانی پێشمەرگە و فەرماندەیی و پرۆسەی هەماهەنگی نێوان هەردولا، گفتوگۆیان لەبارەوە کرا، لەو بارەیەشەوە فەریق روکن عیسا عوزێر وتی” وەزارەتی پێشمەرگە کار دەکات، بۆئەوەی لەماوەیەکی نزیکدا، ئەم یەکە سەربازییە نوێیانە دروستبکرێن”.
هاوکات لای خۆشییەوە، کۆڵۆنێڵ رۆب دڕایڤەر سوربونی تیمی راوێژکارانی لەسەر کارەکانیان راگەیاند، بۆ بەردەوامی دان، بە هاوکاری کردنی یەکە سەربازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە لە پێناو بەرزکردنەوەی ئاستی تواناکان و رێکخستنەوەی کارەکان بە شێوەیەک، کە لەگەڵ پێشهات و گۆڕانکارییە نوێیەکانی سەردەمدا، بگونجێت.