سەرۆك بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی فەڕەنسا لە عێراق دەكات

ڕۆژی سێشەممە ١٩ـی تەمموزی ٢٠٢٢ لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە ئێریك شوڤالییێ باڵیۆزی فەڕەنسا لە عێراق كرد.

 

لە دیدارەكەدا كە ئۆلیڤییە دێکۆتینی كونسوڵی فەڕەنسا لە هەولێریش ئامادەی بوو، بارودۆخی سیاسیی عێراق و دوا پێشهاتەكانی ناو پڕۆسەی سیاسیی عێراق و پێكهێنانی حكوومەتی تازە تاوتوێ كران.

 

هەر لەو دیدارەدا بارودۆخی شنگال و گوزەرانی ئاوارەكان و پێویستیی جێبەجێكردنی ڕێككەوتننامەی شنگال خرایە بەر باس و گفتوگۆ.

 

لە بەشێكی تری ئەو كۆبوونەوەیەدا ڕۆشنایی خرایە سەر ئاییندەی كورد لە سووریا و نیگەرانییەكان لەمەڕ ئەگەری ئۆپەراسیۆنی سەربازیی توركیا لە ڕۆژئاوای كوردستان خرانەڕوو.

 

هەر لەو دیدارەدا وێڕای ئاماژەپێدان بە دوایین گفتوگۆی تەلەفۆنیی نێوان سەرۆك بارزانی و سەرۆك ماكڕۆن، جەخت لە بەردەوامیی پەیوەندی و هەماهەنگیی نێوان حكوومەتی فەڕەنسا و حكوومەتی هەرێم كرایەوە.

Back to top button