ئەنجومەنی وەزیران ڕاپۆرتی بەدواداچوونی جێبەجێکردنی کارنامەی کابینەی نۆیەم تاووتوێ دەکات

 

سەرۆک وەزیران، خواستی هەرێمی کوردستانی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لە گەڵ حکومەتی فیدراڵی بە شێوەیەکی بنەڕەتی و لەسەر بنەمای دەستوور دووپات کردەوە.

ئەنجومەنی وەزیران پڕۆژە یاسای هەمواری یەکەمی یاسای ئەنجومەنی شوورای هەرێمی کوردستان پەسەند دەکات.

ئەمڕۆ چوارشەممە 20ی تەمموزی 2022 بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.

لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکەدا، سەرۆک وەزیران کورتەیەکی دەربارەی دوایین پێشهاتە سیاسییەکانی عێراق و ناوچەکە و لوتکەی جەددە بۆ ئاسایش و گەشەپێدان و هەڵوێستی هەرێمی کوردستان لە بارەی ئەو پەرەسەندنانە خستەڕوو.

سەرۆک وەزیران ئاماژەی بەوەدا، کە بەر لە بەستنی لوتکەی جەددە ، پەیامێکی ئاراستەی سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا جۆ بایدن کردووە و تێیدا داوای کرد کە ئەمەریکا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە گشتی، قوربانیدانەکانی گەلی کوردستانیان لە بیر بێت بەتایبەتی لە شەڕی دژ بە تیرۆر، هەروەها داوای کردبوو دان بە مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان بنرێت لە عێراقێکی فیدراڵدا. لە کۆبوونەوەی سەرۆک بایدنیش لە گەڵ سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ،ئاماژە بە گرنگیی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ کرا و سەرۆک بایدن جەختی لە بایەخپێدانی ئەمەریکا بە هاتنەکایەی عێراقێکی سەقامگیر و یەکگرتوو و خاوەن سەروەری بە هەرێمی کوردستانیشەوە کردەوە.

سەرۆک وەزیران، خواستی هەرێمی کوردستانی دووپات کردەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بە شێوەیەکی بنەڕەتی و لەسەر بنەمای دەستوور.

لە بڕگەی دووەمدا، ڕاپۆرتی بەداوداچوونی ئاستی جێبەجێکردنی کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سێ ساڵەی تەمەنیدا کە لە لایەن عەبدولحەکیم خەسرەو سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگیی و بەدواداچوون خرایەڕوو.

سەرۆک و جێگری سەرۆک وەزیران، دەستخۆشییان لە فەرمانگەی هەماهەنگیی و بەدواداچوون کرد بۆ ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە بەرفراوانە، کە بە داتا و زانیاریی وردەوە ئاماژە بە کار و چالاکیی و پڕۆژەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەت کراوە، کە دواتر دەخرێتە بەردەستی دەزگاکانی ڕاگەیاندن و ڕای گشتی لە هەرێمی کوردستان وبڕیاریشدرا ڕاپۆرتەکە ڕەوانەی پەرلەمانی کوردستان بکرێت.

سەرۆک وەزیران ئاماژەی بەوە كرد کە ئەم ڕاپۆرتە، بەڵگەیەکی ئاشکرایە لە سەر ڕوونی و شەفافیەتی کارکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان ، گوتیشی چاکسازی پرۆسەیەکی بەردەوامە و هەموو بوارەکان دەگرێتەوە، ئامانجی سەرەکیشی، فرەچەشنکردنی ئابووری و سەرچاوەکانی داهات و بنیاتنانی ژێرخانێکی بەهێزی ئابوورییە.

 

بڕگەی سێیەم بریتی بوو لە خستنەڕووی پڕۆژە یاسای ( هەمواری یەکەمی یاسای ئەنجومەنی شوورای هەرێمی کوردستان ) ژمارە ( 14) ی ساڵی 2008 لە لایەن فرسەت ئەحمەد وەزیری داد .

Back to top button