ڕاگەیێندراوێك لە بارەگای بارزانی

 

بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

بە داخێكی زۆرەوە ئەمڕۆ بەپێی ئەو زانیارییانەی كە گەییشتوون، بەهۆی تۆپبارانكردنی هێزەكانی توركیا بۆسەر ناوچەی گەشتیاریی پەرەخێ لە سنووری زاخۆ ژمارەیەك هاووڵاتیی بێتاوان شەهید و ژمارەیەكی تریش بریندار بوون. وێڕای ئەوەی زۆر بە توندی ئیدانەی ئەو تاوانە دەكەین، سەرەخۆشی لە خانەوادە و كەسوكاری شەهیدانی ئەو ڕووداوە دڵتەزێنە دەكەین و هیوای چاكبوونەوە بۆ برینداران دەخوازین.

ڕاشیدەگەیێنین شەهید و برینداركردنی هاووڵاتیانی سڤیل و بێتاوان لە لایەن هەر هێز و لایەنێك بێت و لەژێر هەر بیانوو و پاساوێكدا بێت، تاوانە و قابیلی قبووڵ نییە. پێویستیشە سنوورێك دابنرێت كە ڕووداوی هاوشێوە دووبارە نەبنەوە و چیتر هاووڵاتیانی ئێمە نەبنە قوربانیی ململانێی و شەڕی نێوان هێز و لایەنی تر. كاتی ئەوە هاتووە كە حكوومەتی هەرێم و حكوومەتی فیدڕاڵی بە هەماهەنگی لەگەڵ یەكتر چارەسەرێكی جددی و بنەڕەتی بۆ ئەو هۆکارانە بدۆزنەوە کە دەبنە هۆی ڕوودانی ئەم تاوان و کارەساتانە.

بارەگای بارزانی
٢٠ـی تەمموزی ٢٠٢٢

Back to top button