خانەسۆر و پارتی و پەکەکە و رۆژانی خەندەك لێدان
ئاسۆ حاجی
ئەوەی پەکەکە لە خانەسۆر دەیکا درێژکردنەوەی هەمان هاواری ئەو کاتەیە کە مالیکی بە هێز هەڕەشەی لە پێشمەرگە دەکرد و لە خانەقینەوە تا دەڤەری شەنگال هێزی خستبووە دۆخی ئامادەباشی بۆ سەر پێشمەرگە و لە بەرامبەردا پێشمەرگە خەریکی قایمکردنی سەنگەرەکانی خۆی بوو بۆ بەرپەرچدانەوەی هەڕەشەکانی مالیکی، پەکەکە کە هاواری لێ هەستا و رایگەیاند کە حکومەتی هەرێمی کوردستان خەندەق لە نێوان باشور ( هەرێمی کوردستان ) و رۆژئاوای کوردستان (باکوری سوریا – وەک پەکەکە بە فەرمی ناوی ناوە ) دەکۆڵێ و پارتی دەیەوێ دوو پارچەی کوردستان لێک داببڕێ و لە میدیای پەکەکە و یەکێتی و گۆڕان وەک دیواری نێوان ئیسرائیل و فەڵەستین وەسفیان دەکرد،پەکەکە بەهەمان شێوەی ئێستا خەڵکی لە رۆژئاوای کوردستان دەهێنا و هێرشیان دەکردە سەر پێشمەرگە، پاشان دەرچوو حکومەتی هەرێمی کوردستان خەندەکەکەی بۆ پارێزگاری کردنی دەڤەرەکە بوو لە داعش چوونکە پێشبینی دەکرا لە ناو سنووری سوریاوە هێرش بکرێ،کە دوای خەندەکەکە و فەشلهێنانی مالیکی و سوپاکەی لە بەرامبەر پێشمەرگە، مالیکی موسڵی بە هەموو شتێکەوە ڕادەستی داعش کرد و رێگایێکی نوێی نیشاندان بۆ هێرشکردنە سەر دەڤەری شەنگال و جینۆسایدکردنی خەڵکەکەی کە پەکەکە لەو کارەشیدا وەک هەموو ئەوانەی دیکە هاریکاری مالیکی بوو نەک دژ.
پەکەکە کە ئێستا هێزی تەنیا بەشی دروستکردنی ئاژاوە و ئاڵۆزی هەیە جارێکی دیکە پەنا بۆ هێنانەوەی ژن و منداڵی رۆژئاوا دەباتەوە وەک لە وێنە و دەیان پارچە ڤیدیۆ بڵاوبوونەوە تا چەکدارانیان خۆیان لە پەنایان بشارنەوە و لەوێوە هێرش بکەنە سەر پێشمەرگە یان لە پشتەوە تەقە لە خۆنیشاندەران بکەن.
ئەو هەماهەنگی و هاوکاریەی لە نێوان میدیاکانی یەکێتی و گۆڕان و پەکەکە دایە جگە لەوەی بەشێکە لە جێبەجێکردنی کارنامەیێکی ئیقلیمی کە لە دژی ئەو داخوازیە نێودەوڵەتیە کاراکراوە کە دەیەوێ ئەو دەڤەرە بگەڕێتەوە باری سەقامگیری خۆی، لە هەمان کاتدا هاوکارن بۆ جێبەجێکردنی ئامانجێکی پەکەکە کە ئەویش شاردنەوەی شکستیەکانی خۆیەتی لە باکوری کوردستان و شاردنەوەی ئەو هەموو پێشێلکاریانەیەتی لە رۆژئاوای کوردستان کە داخستنی بارەگای حزبەکان و زیندانیکردنی دەیان چالاکوان و سیاسەتڤان بۆتە کاری رۆژانەیان.