نەفیرعامی چوارفڕکسیۆنەکە و کەمپینچیەکان….
نیازحاجی
دەزگای ستاندەر کە خاوەنەکەی(مسعود عبدالخالق)ە ، لەماوەی رابردودا لە تەواوی بڵاوکراوە و چالاکیەکانی ، لە پەنای ئازادی رادەبرێندا سەرەرای ئەوەی ببوە (ناوەندێک بۆ تابوری پێنجەم بۆ برەودان بە ئیرهابی فکر و تێکدانی ئاشتی کۆمەڵایەتی و ئاوەژوو کردنەوەی راستیەکان و چەواشەکاری میدیایی و چاندنی تۆوی دوبەرەکی و بێمتمانەیی و بڵاوکردنەوەی رەشبینی و کوشتنی ئومێدی خەڵک و خزمەتکاری ئەجیندای هیلالی شیعە)، ئەوەی لەسەر خۆی ساغکردۆتەوە کە دژی ئەزمونی هەرێمی کوردستانە و بۆ ناشیرینکردنی کاردەکات .
ئەم دەزگایە وەک بنکەیەکی گوماناوی دەزگایەی هەوڵگری نەیار بە ئەزمونی هەرێمی کوردستان و خواستی سەربەخۆیی ئامانجەکانی کارکردن و چالاکیەکانی خۆی دیاری دەکرد لەناو جەرگەی پایتەختی هەرێم .
ئەو رێکارانەی کە دەزگا ئەمنیەکانی پایتەخت لە بەرامبەر ئەو دەزگایە وەریان گرتووە سەرەڕای ئەوەی درەنگ وەخت بوو و دەبوایە زۆر پێش ئێستا وەرگیرابان ، جێگای دەستخۆشیە و بەهیچ شێوەیەک ناچێتە چوارچێوەی بەرتەسکردنەوەی ئازادی رادەربڕنەوە ، هیوادارین خاوەنەکەی و ئەو کەسانەی کە لەو دەزگایە کاریان دەکرد روبەڕوی یاسا بکرێنەوە و کردنەوەشی جارێکی تر بەکارێکی هەڵە دەزانرێ .
دار هەڵبڕە سەگی دز دیارە و تەیری گول عاشق بەداری زەقنەبوتە….
هەر دوای داخستنی ئەو دەزگا گوماناویە ، بە ڕێنمایی و گوشاری دەزگایەکی هەواڵگری و نەیار، نەفیرعامێک راگەیەنراوە، کۆمەڵێک بەناو رۆژنامەنوس و نوسەر و کەمپینچی کە خۆیان بۆ دژایەتی سەربەخۆیی کوردستان یەکلایی کردۆتەوە و روی راستەقینەی خۆیان دەمێکە دەرخستووە، دەستیان بە واژوو کۆکردنەوە و سازدانی کەمپین و بەرزکردنەوەی دەنگی نەفرەتلێکراو و خەساوی خۆیان کردووە وەک پیشەی هەمیشەییان .
ئەوەی پێشبینی کراو و جێگای سەرنج بو ، هەڵوێستی بەناو سەرۆکی چوار فڕاکسیۆنەکەی (کۆمەڵ و گؤڕان و یەکگرتوو و بزوتنەوە) بوو کە هەر زوو، وەک پیشەی هەمیشەییان کە کاریان تەنها دەرکردنی بەیاننامەیە و بە چوار فراکسیۆنی (بەیاننامە) ناسراون ، کە ئەو چوار فراکسیۆنە بەردەوام لە کەمیندان بۆ گەورەکردن و بەلارێدابردنی هەر روداوێک ئەگەر لە هەولێر روبدات یان دەزگا ئەمنیەکانی هەولێر وەریبگرن .
لە رۆژئاوای کوردستان لە ماوەی هەفتەیەکدا زیاتر لە ۱۲٠ بارەگای ناوەند و حزبەکوردیەکان لەلایەن پەکەکەوە سوتێنران و داخران و تاڵانکران ، دەیان سەرکردە و چاڵاکوان و ئەندامانیان لە سوچی زیندانەکان ئاخنران و ئاوارە کران ، نەمانبینی چوار فڕاکسیۆنەکە نەک بەیاننامە و هەڵوێست وەرگرتن ، بەڵکو لێدوانێکیش لە سەری بدەن ، داخستنی ناوەندێکی هەواڵگری گومانلێکراوی دژ بەکورد بە پێشێلکردنی ئازادی لێکدەدەنەوە بەڵام بێدەنگی و چاوپۆشی لە داخستنی ۱۲٠ بارەگا و راوەدونانی ئەندامانیان دەکەن لە رۆژئاوا .
ئاخر چوار فراکسیۆنەکە بەیاننامەیان بۆ رۆژنامە نوسێکیش دەرکرد کە بۆ راوکردن جوو بوو، بەفیشەکی خۆی، خۆی بیندارکرد و دواتر گیانی لەدەست دا، ویستیان بابەتەکە بکەنە بابەتێکی سیاسی بۆ چەواشەکردنی رای گشتی!
ئاڵای کوردستان دەسوتێنرێ و سوکایەتی بە پێشمەرگە و خانەوادەی شەهید دەکرێ، هیچ هەڵوێست و بەیاننامەیەکیان لێ نابینرێ ، بە ئاشکرا مالیکی دەڵێ “دەبێ پێشمەرگە بگەرێتەوە بۆ ناوچەکانی پێش ساڵی ۲٠٠۳ ” ئەوان نەک بێ هەڵوێستن بەڵکو حزبەکانیان هاوپەیمانی لەگەڵدا دەبەستن !
بارەگای حزبی دیموکراتی ئێران لە شارۆچکەی کۆیە تەقێنرانەوە و ژمارەیەکی زۆر شەهیدو برینداری لێکەوتەوە نەمانبینی چوار فراکسیۆنەکەئیدانەی بکەن !
هەمیشە پاڵپشتی ئەو دەنگ و بۆچوونانەن كە دژی دامودەزگەی هەرێم و ئاساییشی كۆمەڵایەتی خەڵكن. هەرگیز شانازیی ئەوەیان پێ نابەخشرێت كە بەشێك بن لە هێڵی پاڵپشتیكردنی دۆزی ڕەوای كوردستان.
خاوەنی دەزگای ستاندەر بۆصەلەی خۆی ون کردووە ، ماوەیەک یەکێتی و ماوەیەک یەکگرتوو ، ماوەیەک راوێژکاری ئەمیری کۆمەڵ و ماوەیەکیش پاڵێوراو لەسەر لیستی گۆڕان بۆ هەڵبژاردن و راوێژکار و دۆستی نزیکی نەوشێروان موستەفا ، ئامادەبووی بەردەوامی بەرنامەکانی کەناڵی سەحەری سوپای پاسداران ، خۆی بە ئەکادیمی و مێژوونوس و چاڵاکوان و توێژەر و چاودێری سیاسی و رۆژنامەنوسی سەربەخۆ دەزانێت ، ژەهر و کەوگیری ناو هەموو خواردن ئەو خوانانەیە کە لەلایەن دۆژمنانی کوردەوە ئامادە دەکرێن .
لە بەکرێگیراوێکی تەحتە تەڵەبی دوژمنانی کورد زیاتر هیچی تر نیە ، دەمێکە هەوڵەکانی بۆ بەسوریا و بەیەمەن و بە لوبنان کردنی کوردستان بەگەڕخستووە ، ئەو خورمایەی کە ئەو دەیخوات ، ناوکەکەی لەباخەڵی ئێمەدایە و خۆریان رووی لە ئاوابوونە .
۲٠۱۷/۳/۱٦