محەمەدی حاجی مەحموود: لە سی ساڵی رابردوودا ئەو هەموو کوردە بوونەتە قوربانی، عێراق دەنگی بەرز نەکردووەتەوە

محەمەدی حاجی مەحموود، دەلێ: لە سی ساڵی رابردوودا ئەو هەموو کوردە بوونەتە قوربانی، عێراق دەنگی بەرز نەکردووەتەوە. دەشلێ: عێراق پێی خۆش بووە رۆژانە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بۆردومان دەکرێ.

 

محەمەدی حاجی مەحموود، لەنووسینێکداکە لە پەیجی فەرمی خۆی لەتۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاویکردۆتەوە نووسیوویەتی”وەک لای هەموو لایەک ئاشکرایە لە بەرواری ۲٠۲۲/۷/۲٠ تۆپخانەکانی تورکیا ناوچەیەکی گەشتیاری ناحیەی دەرکار لە سنوری زاخۆ یان تۆپباران کرد و هەشت کەس بوونە قوربانی و 22 کەس بریندار بوون کە سەرجەمیان گەشتیار بوون، لە کاتێکدا ئەو ناوچە گەشتیاریە زیاتر لە 1,500 گەشتیاری لێ بووە! بە داخەوە ئەمە یەکەم جار نییە حکومەتی تورکیا هەرێمی کوردستان بۆردومان دەکا، ماوەی 30 ساڵ زیاترە خەڵکی کوردستان بە غەدر و ناحەق دەبنە قوربانی بۆردومانی موشەک و فڕۆکەکانی تورکیا”.

لە نووسینەکەی دەشلێ: “هەرێمی کوردستان بووەتە جێگای تەسفیە حسابی کێشەکانی ناو تورکیا و کوردستانی باکوور و بەو هۆیەوە تا ئێستا زیاتر لە 400 گوندی کوردستان چۆڵ کراون و خەڵکەکەی ئاوارە بوون و ڕۆژانەش خەڵکی بێتاوان و هەژار لە نێو گوند و ڕەزو باخەکانیان ئەبنە قوربانی و دەر بە دەر ئەبن و ماڵ و حاڵیان وێران دەکرێ”.

محەمەدی حاجی مەحموود راشیگەیاندووە: “زیاتر لە 30 ساڵە کوردستان لە ڕێگای فڕۆکەو تۆپخانەوە ناو بەناو بۆردومان دەکرێت و باجەکەشی خەڵکی کوردستان ئەیدات و هەموو دنیاش بێ دەنگە لە ئاستی ئەو تاوانانە، لە کاتێکا بە بەر چاوی هەموو وڵاتان و ڕاگەیاندنەکانیانەوە خەڵکی ناوچەکە ئەبنە قوربانی و لەوەڕگاو دارستان و ڕەز و باخەکان دەسوتێن، جگە لەوەش دەست لە خەڵکی کوردستانی باشوور ناپارێزن و زیاتر لە سەدان هاوڵاتی بێ تاوان بونەتە قوربانی، ئەوەی بە ئاشکرا دیارە کوردستان بووەتە مەیدانی شەڕی نێوان تورکیا و پەکەکە، بەڵام ئەوە لە بێ دەسەڵاتی و بێ سەروبەری و لاوازی عێراق و نەبونی دەوڵەتی عێراق و بێ هەڵوێستی حکومەت و پەرلەمانە کە نەیانتوانیوە لە 2003 تا ئێستا ڕێکەوتنی 1984 ی تورکیا و عێراق هەڵوەشێنێتەوە و ڕێکەوتنی جزائیری 1975 کە کاری ئەساسی پەرلەمانی عێراقەو سەلمێنەری ئەو ڕاستیەیە کە عێراق پێی خۆش بوە ڕۆژانە بۆردومانی کوردستان لە بادینان و دهۆک و هەولێر و سلێمانی و پێنجوێن و ماوەت و قەڵادزێ و چۆمان و برادۆست بکرێت”.

لە بەشێکی تری نووسینەکەیدا کاکە حەمە، دەشلێت “ئەوەی جێی تێڕامان و نیگەرانییە ئەو هەموو ساڵە بەقەدەر ڕووداوی 2022/7/20 دەنگی جەماوەر و حکومەتی عێراقی نەجوڵاند و ڕاگەیاندنە نێودەوڵەتیەکان و وڵاتانی نەهێنایە قسە، پرسیارەکە لێرەدایە، خوێنی کورد لەو 30 ساڵەی ڕابردوو هەرزانترە لە خوێنی برا عەرەبەکان لە گوندی پەرخ دەرکاری سنووری زاخۆ، بەناحەق خوێنڕشتنی هەر مرۆڤێکم زۆر لا قورسە، خوێن ڕشتنی مرۆڤ بە هەر پاساو و بیانویەک ناحەقە و نامرۆڤانەیە و دورە لە بەهاکانی مرۆڤایەتی و ئەخلاقی و ئاینی و پێم وایە خوێنی ئەو کوردانەی بونەتە قوربانی لە 30 ساڵی ڕابردودا هێندەی ڕوداوی 7/20 ی گوندی پەرخ و ئەو ناوچە گەشتیاریانە گرنگی پێنەدرا و کاردانەوەی نەبوو”.

کاکە حەمە لە کۆتاییدا نووسیویەتی” بە ڕەوای دەزانین گەر بڵێین هەر تاوانێک لە کوردستانی عێراقدا بکرێت حکوومەتی عێراق لێی بەرپرسیارە، ئیتر کاتی ئەوەیە کوردیش هەڵوێستەیەک لەسەر ئەوەی ڕابردوو و ئێستا و داهاتوو بکات”.

 

Back to top button