موژدەیەك لە مەسرور بارزانییەوە بۆ هەولێری پایتەخت
پارێزگاری هەولێر موژدەی چارەسەركردنی كێشەی ئاوی ئیفراز سێی هەولێری راگەیاندو دەلێ:” بە رەزامەندی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، 20 ملیار دینار بۆ گۆڕینی تەواوی بۆڕییەكانی ئیفرازەكە تەرخان كراوە.
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە ڕوونکردنەوەیەکدا کە ئەمڕۆ هەینی بڵاویکردۆتەوە تیایدا هاتووە “سەبارەت بە شکانى بۆڕى ئاوى ئیفراز سێ کە ماوە ماوە دەشکێ و دەبێتە هۆى ئەوەى لە 40% گەڕەکەکانى شارى هەولێر بێئاو بێت، ئەم پڕۆژەیە لە ساڵى 2004ەوە لە زێى گەورە بۆ ناو شارى هەولێر لەلایەن ئەمریکاوە دەستیپێکراوە و تەواوى جێبەجێکردنى پڕۆژەکەش لە ئەستۆى ئەواندا بووە، تەنانەت هەڵبژاردنى جۆرى بۆڕى ئاوەکەش هەر لەلایەن ئەوانەوە دەستنیشان کراوە کە لە جۆرى (GRP)یە واتە فاپیبەرگڵاس، ئەم جۆرە بۆڕییە ماوەیەکى دیاریکراوى هەیە بۆ کارکردن و لەدواى بەسەرچوونى ماوەکەى، بەرگەگرتنى نامێنێت و بە بچووکترین بەرکەوتن دووچارى شکان دەبێت، پڕۆژەى ئاوى ئیفراز سێ کە لە ساڵى 2006 بەبێ وەستان تاکو ئەمرۆ کار دەکات، دواى ئەم هەموو ساڵە کارکردنى، هۆکارى سەرەکى شکانى یەک لە دواى یەکى بۆڕییەکەى، بەسەرچوونى ماوەکەیەتى”.
راشیگەیاندووە “دواى داواکاریمان لە سەرۆکایەتى ئەنجوومەنى وەزیران بۆ گۆڕینى بۆڕیی ئاوى ئیفراز سێ کە درێژییەکەى (11) کم و بودجەى پێویست بۆى زیاتر لە (20) ملیار دینارى عێراقیە، بە سوپاسەوە لەلایەن ڕێزدار مەسرور بارزانى سەرۆکى حکوومەتى هەرێمى کوردستان ڕەزامەندیمان وەرگرتووە بۆ گۆڕینى بۆڕییەکە، لەم ڕۆژانەش ڕێزدار سەرۆکى حکوومەتى هەرێمى کوردستان بۆ خۆى بەدواداچوونى بۆ ئەم پرسە کردووە و لەگەڵمان لەسەر هێڵ بووە و فەرمانى پێکردووین بە پەلە چارەسەرى ئەم گرفتە بکرێت و دەست بکرێت بە پڕۆسەى گۆڕینى بۆڕییەکە، لە هەفتەى ڕابردووش لە پارێزگاى هەولێر بۆ بەدواچوون و بەپەلە چارەسەرکردنى کێشەى شکانى بۆڕی ئاوى ئیفراز سێ، لیژنەیەکى تایبەتمان پێکهێناوە، ئێستاش وەک قۆناغى یەکەم ئەو شوێنەى کە لە ماوەى چەند ڕۆژى ڕابردوودا بەهۆى پاڵەپەستۆى زۆرى وێستگەکان بۆتە هۆى شکانى بۆڕییەکە بۆ چەند جارێک لەسەر یەک، بەگوژمەى (5) ملیار دینار لەم نزیکانە دەست دەکرێت بە گۆڕینى بۆڕییەکە، کە چارەسەرى لە 85%ى کێشەکان لەو شوێنەدایە”.
پارێزگاری هەولێر، لە كۆتاییشدا رای گەیاندووە “دڵنییاى هاووڵاتییانى خۆشەویستى شارەکەمان دەکەینەوە، وەکو پارێزگاى هەولێر لەپێناو نەهێڵان و چارەسەرکردنى یەکجارەکى ئەم کێشەیە، هەموو هەوڵێکى خۆمان خستۆتەگەڕ و پاڵپشتى و پشتیوانى سەرۆکى حکوومەتى هەرێممان لەوبارەیەوە هەیە، بۆیە جارێکى تر تکا و داواکاریمان لە هاووڵاتییانى شارەکەمان هەیە سەڕەراى ئەو گرفتە تەکنیکیانەى کە ڕۆژانە ڕووبەڕوومان دەبێتەوە لەگەڵ ئەوەشدا وەک پێشتر ڕامانگەیاندبوو هاوینى ئەمساڵ لە دۆخێکى سەختى وشکەساڵى داین، بۆیە هاوکاربوونى ئێوە لەبەفیڕۆنەدان و کەم خەرجکردنى ئاو، هۆکارێکى سەرەکى دەبێت بۆ تێپەڕاندنى ئەو دۆخە سەختە و چارەسەرییەکان”.