دژه‌تیرۆری یه‌كێتی په‌لاماری هه‌ڵه‌بجه‌ییه‌كان ده‌دات و هه‌ڵه‌بجه‌یه‌كانیش داوای فڕۆكه‌وانه‌كه‌ ده‌كه‌ن.!

خواكوڕك

ئه‌مڕۆ له‌ مه‌ڕاسیمی یادكردنه‌وه‌ی 16/3 ژماره‌یه‌ك له‌ هاووڵاتیانی پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ 29 یه‌مین ساڵڕۆژی كیمیابارانكردنی شاره‌كه‌یاندا، خۆپیشاندانی ناڕه‌زاییان به‌ڕێوه‌برد و داوایانكرد، ئه‌و فڕۆكه‌وانه‌ی بۆردوومانی شاره‌كه‌ی كردووه‌ بهێنرێته‌وه‌ به‌رده‌م یاسا و هه‌ڵه‌بجه‌ییه‌كان، نه‌ك فڕۆكه‌ شكاوه‌كه‌، كه‌ پێش چه‌ند رۆژێك گه‌ڕێنراوه‌ته‌وه‌ شاره‌كه‌.

خۆپیشانداران به‌ درووشمی ” كوا فڕۆكه‌وانه‌كه‌ی؟” و “كێ فڕۆكه‌وانه‌كه‌ی ئازادكرد”یان به‌رزكردبووه‌وه‌ و له‌ كاتی قسه‌كردنیان بۆ كه‌ناڵه‌كانی ڕاگه‌یاندن ده‌یانگوت” خه‌ڵكی شاره‌كه‌ (تارق ره‌مه‌زانی)  فڕۆكه‌وانیان ده‌وێت كه‌ پێش چه‌ند ساڵێك به‌ بڕیاری به‌رپرسێكی باڵا له‌ سلێمانی ئازادكرابوو، نه‌ك فڕۆكه‌ شكاوه‌كه‌”. به‌و هۆیه‌وه‌ خۆپیشانده‌ران له‌ لایه‌ن هێزێكی دژه‌تیرۆری یه‌كێتی یه‌وه‌ په‌لامار دران و قسه‌ی نه‌شیاویان به‌ خه‌لكی شاره‌كه‌ وت له‌و یاده‌، هه‌روه‌ها كارمه‌ندان و ستافی كه‌ناڵی كوردستان24 یان له‌ مه‌ڕاسیمه‌كه‌ بێ به‌ش كرد و كه‌ل و په‌ل و ده‌زگای كاركردنیان لێ سه‌ندن و له‌ ناوچه‌كه‌ ده‌ریان كردن.

هه‌ر ئه‌مڕۆ له‌ شاری هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ كاتی چالاكییه‌كانی ساڵیادی كیمیابارانكردنی شاره‌كه‌ نیگه‌رانی چه‌ند پارت و كه‌سایه‌تییه‌كی به‌دواداهات و به‌رپرسه‌كانیان به‌هۆی هه‌ستكردن به‌ سوكایه‌تی له‌لایه‌ن ئیداره‌ی شاره‌كه‌وه‌ ، بۆنه‌كه‌یان جێهێشتبوو، كه‌ یاده‌كه‌ به‌ بێ سه‌رپه‌رشتی به‌ڕیوه‌ چوو، باوكی شه‌هید له‌ دواوه‌ بوو به‌ڵام فه‌رمانده‌یی حه‌شدی شه‌عبیان هێنابووه‌ ڕیزی پێشه‌وه‌، كه‌ ئه‌م دیمه‌نه‌ پرسیاری زۆری لای خه‌ڵكی سنوره‌كه‌ درووستكردووه‌، به‌كارێكی نه‌شیاویان وه‌سف كردوه‌.

Back to top button