پەکەکە پێویستە ئەو راستییە بزانێت کە هیچ چاکەو پێگەی لە باشوور نییە.

خواكوڕك

فه‌رحان جه‌وهه‌ر په‌رله‌مانتاری كوردستان  له‌سه‌ر ڕه‌فتاره‌ نابه‌جێ و ناپه‌سه‌نده‌كانی له‌ باشوری كوردستان ده‌نوسێت”پەکەکە بۆ کێ ئەمە دەکات؟

پەکەکە پێویستە ئەو راستییە بزانێت کە هیچ چاکەو پێگەی لە باشوور نییە، خەڵکی کوردستان لەگەڵ هاوخوێنەکانیان لە باکوور هاوسۆزن، بەڵام نابێت پەکەکە ئەم هاوسۆزییە والێکبداتەوە کە ئەم هاوسۆزییە لەگەڵ ئەوانە، زیاتریش لەمە خەڵکی باشوور لەوە هۆشیارترن نەزانن هەرکاتێک پەکەکە بووە دەسەڵات لەهەرێم ئیدی شتێک نامێنێت بەناوی حکومەتی هەرێم، چونکە پەکەکە تاکو ئێستاشی لەگەڵ دابێت، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بە هێزێکی تیرۆرستی ناسراون، هەرچەندە لەم دوایەدا هەلێکی باشیان بۆرەخسا کە درێژە بەخەباتی مەدەنی بدەن لە رێگای هەدەپە، بەڵام ئەو دەرفەتەشیان لەکیس خۆو لەکیس کوردی باکووریشدا، بەگەڕانەوە بۆ شەڕو کوشتنی پۆلیس و خۆتەقاندنەوەیان لە چەندین شوێن ئەوەندەی تر ناسنامەی تیرورستی خۆیان لەسەر ئاستی جیهان تۆخترکردەوە.

هەلێکی تریشیان لە رۆژئاوا لە کیس کورددا، دەرفەت هاتبوو کە بتوانن لەگەڵ لایەنەکانی تر ئیدارەیەکی هاوبەش دامەزرێنن و خۆیان لەو شوێنانە وەک پەکەکە دیارنەخن، بەڵام حوکمێکی تاکڕەویان جێگیرکردو وایان زانی بەمە شەرعیەتی نێودەوڵەتی وەردەگرن، پەکەکە و لایەنگرانی ئەبێ بزانن بەم سیاسەتەیان ناتوانن هیچ دەسکەوتێک بۆ خۆیان و باکور وەدەست بێنن، راستە بەهۆی پێویستی شەڕی داعش ئەمەریکا تا رادەیەک لە هێرشی تورکیا پاراستونیەتی، بەڵام دوای داعش یان خۆیان رادەستی رژێمی سوریا دەکەن و جۆرە لامەرکەزیەک قبوڵ دەکەن یا ئەوەتا هیچ پێگەیەکیان لە رۆژئاوا نامێنێت، بۆیە پەکەکە نەک هەر لە شەنگاڵ و مەخمور بێ دواڕۆژن ،بەڵکو لە رۆژئاواش بێ دواڕۆژن.

ئەوەی ئەمڕۆ پەکەکە بەناحەق خۆی کردۆتە کەڵەگا و ئەو بارودۆخەی ئێستای هەرێمی قۆزتۆتەوە بۆ لێدان لە هەرێم و قەڵمڕەوی پارتی بێ هودەیەو هیچ دەسکەوتێک بۆ خۆی ناپچڕی، جگەلەوەی دەتوانێت هاوکاری لایەنی ئیقلیمی بێت بۆ لەباربردنی خەونی گەلی کوردستان، پەکەکە وەک رێکخستێکی ستالینی دەتوانێت تا رادەیەک ببێتە جێگای سەرسامی تەمەنێکی دیاریکراو لە گەنجان ، بەڵام هەرکاتێ ئەو گەنجە گەیشتە تەمەنی سی ساڵی چیتر ناتوانێت پەکەکە بێت، بۆیە دەبێت ئەو راستییە بزانێت کە خاوەن لایەنگرێکی جەماوەری فراوان نییە، راستە لەبەرامبەر دوژمنانی کورد هاوسۆزی زیاتر بۆ پەکەکە هەیە، بەڵام لەبەرامبەر هێزێکی وەک پارتی و غەدرکردن لەباشورو هەرێم هیچ هاوسۆزیەکی نییە، لەوەش زیاتر پێویستە پەکەکە ئەو راستییەش بزانێت هیچ کەسێکی رۆشنبیر ناتوانێت لایەنگری بۆ پەکەکە بکات، چونکە حزبێک قوتابییەکی زانکۆ لە خوێندن راگرێت و بیکاتە چەکدار ئەوە بەسە بۆ ئەوەی ناسنامەی ناسراوبێت، ئەگەر ئەمڕۆ هەندێک لە کادرو لایەنگرانی یەک دوو حزبی منافسی پارتی و هەر بۆ دژایەتی پارتی دەهۆڵیان بۆ بکوتن هیچ نییەو وەک بڵقی سەرئاو ون دەبن.

 

Back to top button