بەرپرسێكی رێكخراوی تەندروستی جیهانی: ئەو گەرمایەی رووی لە ئەوروپا کردووە پەیوەندی بە هاتنی رۆژی دواییەوە هەیە
دوای ئەوەی لە چەند هەفتەی رابردوو گەرمایەكی بە تین رووی لە وڵاتانی ئەورووپاكرد و بە هۆیەوە دەیان كەس گیانیان لە دەستدا بەر پرسێكی رێكخراوی تەندروستی جیهانی رایدەگەیێنێت كە ئەم جۆرە گەرمایە هاوشێوەی نەبووە لە رابردوو زۆر تۆقێنەرە، پەیوەندی بە رۆژی دواییەوە هەیە
هانس کلوگ، بەڕێوبەری لقی ئەوروپای رێکخراوی تەندروستی جیهانی لە راگەیەندراوێکدا، رایگەیاندووە كە ئەم گەرمایە هاوشێوەی نەبینراوە، زۆر تۆقێنەرە و پەیوەندی بە هاتنی رۆژی دواییەوە هەیە. پێویستە حکومەتەکانی ئەوروپا واز لە لێدوانە پوچەکانیان بهێنن و بۆ جێبەجێکردنی پڕۆگرامی بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا کە لە رێککەوتننامەی پاریسدا باسکراوە، ئیرادەی سیاسی خۆیان بخەنەڕوو.
هەروەها ئەو بەرپرسە راشیگەیاندووە ، ئەو کەسانەی هەوای گەرم لێیان دەدات پێویستە رۆژانە دوو بۆ سێ کاتژمێر لە شوێنی فێنکدا بمێننەوە. دۆخەكەی بە قەیران ناو بردووەو رایگەیاندووە ئەو قەیرانەی ئێستا، هەڕەشە لە تەندروستی گشتی و مانەوەی مرۆڤ دەکات.
بەڕێوبەری لقی ئەوروپای رێکخراوی تەندروستی جیهانی: تیشکیشی خستووەتە سەر گرنگی ئامادەکردنی پلانێکی هاوبەش لەلایەن وڵاتانی ئەوروپا بۆ رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا و ئەو شەپۆلی گەرمایەی کیشوەرەکەی گرتووەتەوە.
ئەمە لەکاتێکدایە، رێکخراوی تەندروستی جیهانی (WHO) ئاشکرای کردووە، لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوودا لە ئیسپانیا و پرتوگال، زیاتر لە هەزار و ٧٠٠ کەس بەهۆی گەرماوە گیانیان لەدەستداوە.