د. جوتیار عادل: هەوڵمان داوە په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌ندروست له‌گه‌ڵ ڕاگه‌یاندنەکان دروست بکەین

بەبۆنەی تێپەڕبوونی سێ ساڵ بەسەر کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، د. جوتیار عادل، سه‌رۆكی فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاری و گوته‌بێژی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان لە گوتارێکدا باس لە گرنگترین کار و چالاکییەکان دەکات و ئەمەش دەقی گوتەکەیەتی:

بە دروشمی حکوومەتەکەی خۆت بناسە، فەرمانگەی میدیا و زانیاری ستراتیژییەت و سیاسەتی حکوومەت بۆ ڕاگەیاندن و گەیاندن دادەڕێژێت، ئەوەش لە پێناو دوو ئامانج کە بریتیین لە: ئاشناکردنی هاووڵاتییان و دەزگاکانی ڕاگەیاندن بە بڕیار و چالاکی و پرۆژەکانی حکوومەت. هه‌روه‌ها ناساندنی هەرێمی کوردستان بۆ جیهانی دەرەوە.

ئەرکی فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێدانی زانیارییە لەسەر کار و چالاکی وەزارەتەکان بۆ رای گشتی و وەرگرتنی پەیامی هاووڵاتییان.

ڕێکخستنەوەی 32 ماڵپەڕی وەزارەت و فەرمانگە و دەستەکان لە ناو یەک ماڵپەڕ، لە ژێر ناوی  gov.krd ، بەمەش توانیومانە ملیۆنان دینار بۆ خەزینەی حکوومەت بگەڕێنینەوە.

فەراهەمکردنی هەلیکار بۆ گەنجان و لاوان، بەجۆرک تا ئێستا ژمارەیەک گەنجی بەهرەمەند لەگەڵ فەرمانگەی میدیا و زانیاری کار دەکەن.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری جگە لە سەرپەرشتیکردنی ماڵپەڕی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕێگەی چەندین پلاتفۆرمی سۆشیاڵ میدیاوە کار و چالاکییەکانی حکوومەت بڵاودەکاتەوە.

بڵاوکردنەوەی سەرجەم بڕیارەکانی ئەنجوومەنی وەزیران لە ماڵپەڕی حکوومەتی هەرێمی کوردستان كه‌ ئه‌مه‌ یه‌كه‌مین جاره‌ و دواتر ئەو بڕیارانە بەشێوەی گرافیک و بە وردەکاریی زیاتر لە پلاتفۆڕمەکانی سۆشیاڵ میدیا بڵاودەکرێته‌وه‌، پاشان بەردەوام لە ڕێگەی ڤیدیۆ و راپۆرتەوە بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی ئەو بڕیارانە و ڕای هاووڵاتییان لەسەریان، بڵاودەکرێته‌وه‌.

ڕێکخستن و گوتنەوەی زیاتر لە 20 خولی ڕاهێنان بۆ میدیاکارانی وەزارەت و فەرمانگە و دەستەکانی حکوومەت، بە پێویستی بابەتەکان و ئەو خولانەش بەردەوامییان هەیە، وه‌ میدیاکارانی ڕاگەیاندنەکانی حکوومەتیش سوودێکی باشیان لێ وەرگرتووە.

ئەنجامدانی 10 کۆڕو سیمینار بۆ چین و توێژەکانی کۆمەڵگە لە زۆربەی ناوچەکانی کوردستان بەمەبەستی شیکردنەوەی سیاسەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و وەرگرتنی پەیام و سەرنجی هاووڵاتییان.

دروستکردنی پڕۆژەی داشبۆردی داتاکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا، کە ڕۆژانە زانیاریی ورد لەبارەی داتاکانی تایبەت بە کۆرۆنا و تووشبووان بە پێی پارێزگاکان ئەپدەیت دەکرێتەوە.

دەمەوێت لێرەوە ئەوەش ڕابگەیەنم کە پرۆژەیەکی گەورەمان لەبەردەستە کە ئێستا لە قۆناغی کۆتاییدایە، ئەویش دروستکردنی داشبۆردی داتاکانی پرۆژەکانی حکوومەت، وه‌ لە ڕێگەی ئەم پڕۆژه‌یه‌وه‌ داشبۆرده‌كه‌ بە وردی وه‌ به‌ شەفافی سەرجەم داتاکانی تایبەت بە پڕۆژەکانی حکوومەت لە هەرێمی کوردستان دەخەینەڕوو.

بەرهەمهێنانی  428 ڤیدیۆ و 956 گرافیک سەبارەت بە کار و چالاکییەکانی حکوومەت لەلایەک، وه‌ بۆ هۆشیاری هاووڵاتییان لەسەر بابەتی تەندروستی و ئاسایشی کۆمەڵایەتی وه‌ پەروەردە لەلایەکی دیکەوە.

دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ دەیان ئاژانسی نێودەوڵەتی و عەرەبی و عێراقی بۆ پته‌وكردنی ئه‌و پرده‌ی نێوان حكوومه‌ت و خه‌ڵك.

ئەنجامدانی کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی و چاوپێکەوتن و دیمانە لەگەڵ ئاژانسە نێودەوڵەتی و عەرەبی و عێراقیی و کوردستانییەکان.

ئامادەکردنی 6 ڕێبەر بۆ رێکخستنەوەی کاری میدیایی حکوومی وه‌ دەرکردنی سیاسەتی راگەیاندن و گەیاندنی حکوومەت کە گشتاندنیان بۆ کراوە وه‌ ئێستا هەموو ڕاگەیاندنی حکوومەت لەسەر بنەمای ئەو ڕێبەرانە کاری میدیایی خۆیان دەکەن.

یەکخستنەوەی سروودی نیشتمانی و ئاڵا و لۆگۆی حکوومەت لەسەر ماڵپەڕی حکوومەت، بۆ ئەوەی هەرلایەنێک پێویستییان پێیان بوو، بە ئاسانی دەست بکەوێت.

ڕێکخستنەوەی کڵێشەی نووسراوی دامودەزگاکانی حکوومەت لە یەک شێواز و فۆنتدا تاوەکو هەموو دامودەزگەکان لەسەر یەک شێواز و فۆنت و نووسراوەکانیان بکەن و ئەوەش جێبەجێ کراوە.

ڤێریفایکردنی هەموو پەیجی دامودەزگاکانی حکوومەت لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک و ئینیستگرام و تویته‌ر بۆ ناساندنی په‌یجه‌كانی حكوومه‌ت و جیاكردنه‌وه‌ی له‌و په‌یجانه‌ی فه‌یكن.

پێدانی زانیاری بە کەناڵەکانی ڕاگەیاندنی بەشێوەی لە رێگەی  ئەو گرووپانەی کە لەگەڵ میدیاکاران دروست کراوە بۆ ئاسانکاری لە وەرگرتنی زانیارییەکان.

ئێمه‌ له‌ فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاری به‌رده‌وام ده‌بین له‌ دروستكردنی پردێكی پته‌و له‌گه‌ڵ هاووڵاتییان و دروستكردنی په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌ندروست له‌گه‌ڵ ڕاگه‌یاندن و سه‌رجه‌م میدیاكاران بۆ خزمه‌تكردنی خه‌ڵكی خۆمان و گه‌یاندنی زانیارییه‌كان به‌ شێوه‌یه‌كی شه‌فافانه‌ بۆ ئه‌وه‌ی حووكمڕانێكی باش به‌ دوای خۆیدا بێنێ.

Back to top button