وەزارەتەکانی ناوخۆ و گواستنەوە و گەیاندن هەڵمەتێکیان بۆ نەهێشتنی “سیم کارتی بێ خاوەن راگەیاند.

وەزارەتەکانی ناوخۆ و گواستنەوە و گەیاندن هەڵمەتێکیان بۆ نەهێشتنی “سیم کارتی بێ خاوەن راگەیاند.

ئەمڕۆ یەکشەممە، لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا‌ وه‌زاره‌تەکانی ناوخۆ و گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سه‌باره‌ت به‌ كۆمپانیاكانی بواری گه‌یاندن، رایانگەیاندووە، “به ‌مه‌به‌ستی دانانی میكانیزمه‌كانی جێبه‌جێكردنی بڕیاری سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران ژماره ‌(110 له‌ 1/9/2021) تایبه‌ت به‌ رێكخستنی میكانیزمه‌كانی فرۆشتنی توێژاڵی ئه‌لیكترۆنی (سیم كارت) له‌لایه‌ن كۆمپانیاكانی بواری گه‌یاندن (مۆبایل و ئینته‌رنێت) له‌ هه‌رێمی كوردستان بۆئه‌وه‌ی سیم كارتی بێ خاوه‌ن نه‌فرۆشرێت له‌ بازاڕه‌كان كه‌ هەندێک جار ده‌بێته‌ سه‌رچاوه‌ی هه‌ڕه‌شه‌ و تاوان له‌ هاووڵاتییان” ئەو هەڵمەتەیان راگەیاندووە.

 

بۆ نه‌ هێشتنی دیاره‌ی فرۆشتنی “سیم كارتی بێ مۆڵه‌ت” له‌ بازاڕه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، وه‌زاره‌تی ناوخۆ به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه‌ و گه‌یاندن و ده‌زگای ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان هەستاوە به‌ “ده‌رچوواندنی رێنوێنیی ژماره‌ (8ی ساڵی 2021) تایبه‌ت به‌م بابه‌ته‌ پاڵپشت به‌ گه‌ڵاڵه‌نامه‌ی تایبه‌ت به‌ رێكخستنی میكانیزمه‌كانی فرۆشتنی تویژاڵی سیمی ئه‌لكترۆنی (سیم كات) كه‌ ده‌رچوو له‌لایه‌ن ده‌سته‌ی راگه‌یاندن و گه‌یاندنی حكومه‌تی فیدراڵ (CMC) بۆ بنبڕكردنی فرۆشتنی سیم كارت له‌ بازاڕه‌كان به‌ده‌ر له‌ میكانیزمه‌ یاساییه‌كانی فرۆشتن و به‌خاوه‌نكردنیان به‌پێی بایۆمه‌تریی ئه‌لیكترۆنی.”

 

بۆ جێبه‌جێكردنی بڕیار و رێنوێنیی ئاماژه‌پێدراو له‌ سه‌ره‌وه‌، وەزارەتەکان ئه‌م رێكارانه‌ی خواره‌وه‌ دەگرنەبەر:

 

1. مۆڵه‌تی یه‌ك مانگ له‌ (24/7/2022) تاوەکو (23/8/2022) ده‌درێته‌ سه‌رجه‌م كۆمپانیاكانی پێشكێشكردنی خزمه‌تگوزاریی په‌یوه‌ندی (مۆبایل و ئینته‌رنێت) به‌ ئاگاداركردنه‌وه‌ی بریكاره‌كانی فرۆشتنی سیم كارت له‌ بازاڕه‌كان (سه‌ره‌كی و لاوه‌كی) به ‌مه‌به‌ستی ده‌رهێنانی مۆڵه‌ت له‌ وه‌زاره‌تی ناوخۆ و به‌ ره‌زامه‌ندیی ئاسایشی تایبه‌تمه‌ند كه‌ له‌ رێنوێنییه‌كه‌دا ده‌قنووسكراوه‌.

 

2. له‌ رۆژی (24/8/2022) به‌دواوه‌ ده‌ست ده‌كرێت به‌ هه‌ڵمه‌تی داخستنی گشت ئه‌و شوێنانه‌ی كه‌ سیم كارت ده‌فرۆشن و مۆڵه‌تیان نییه‌ له‌لایه‌ن لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانی قایمقامیه‌ته‌كان له‌ پارێزگا و ئیداره‌ سه‌ربه‌خۆكان فرۆشتنی سیم كارتی بێ مۆڵه‌ت قه‌ده‌خه‌ ده‌كرێت به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك و له‌میانی ئه‌و مانگه‌دا وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه‌ و گه‌یاندن كه‌مپینێكی راگه‌یاندن ئه‌نجام ده‌دات له‌ گشت هۆكاره‌كانی راگه‌یاندنی (بیستراو و بینراو) بۆ ئاگاداركردنه‌وه‌ی هاووڵاتییان به‌ پێویستی تۆماركردنی سیمكارته‌كانیان كه‌ به‌ناوی خۆیان نییه‌، به‌پێی رێنوێنیی سه‌ره‌وه‌.

 

3. له‌دوای جێبه‌جێكردنی میكانیزمی سه‌ره‌وه‌، لیژنه‌كانی به‌دواداچوون كه‌ له‌ رێنوێنییه‌كه‌دا هاتووه‌، كاری پێویست ئه‌نجام ده‌ده‌ن سه‌باره‌ت به‌ پشكنین و سه‌ردان بۆ بازاڕه‌كان بۆ دڵنیابوون له‌ راده‌ی جێبه‌جێكردنی ئه‌م رێنوێنییه‌ به‌ سه‌رپه‌رشتیی خودی پارێزگار و سه‌رپه‌رشتیاری ئیداره‌ سه‌ربه‌خۆكان.

Back to top button