کاکەییەکان بڕیاری کۆتاییان دا و هەڵوێست وەردەگرن
دوای ئەوەی كۆمەڵێك چەكداری سەر بە میلیشاكانی حەشدی شەعبی لە سنوری ئامرلی پێشمەرگەیەكی كاكەیی دەڕفێنن و دوای لێدانی زۆر سوكایەتی پێدەكەن و سەر و سمێلی دەتاشن، ئەم رووداوە كاردانەوەی گەورەی بەدوای خۆیدا هێنا كاكەییەكان بڕیاریاندا كە بە توندی هەڵوێست دژ بە سوكایەتی بە هاووڵاتیەكی كاكەیی وەربگرن و داواكارن كە تاوانباران بە سزا بگەیێنرێن و دوای 24 كاتژمێر چاوەڕوانی و بێ وەڵام بوونیان كاكەییەكان بڕیاریاندا هەڵوێستی توندتر وەربگرن.
مەسعوود کاکەیی یەکێک لە کەسایەتی دیاریی کاکەیی رایگەیاندووە: ئێمە لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆمان کە کەسایەتییە دیارەکانی کاکەییەکان لە سەرجەم شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان ئامادەی بوون بڕیار درا کە بۆ ماوەی هەفتەیەک چاوەڕێی ئەو ڕێکارە یاساییانە بکەین کە گرتوومانەتەبەر، بۆ دەستگیرکردنی ئەنجامدەرانی ئەم کردەوەیە.
ئەوكەسایەتیەی كاكەیی راشیگەیاند: لە ئەگەری ئەوەی کە ڕێکارە یاساییەکان نەگیرێتەبەر هەڵوێستی دیکەمان دەبێت و خۆپیشاندان و ڕێگەی دیکە دەگرینەبەر، چونكە دەزانین کێ بڕیارەکەی دەرکردووە و کێ کردەوەکەشی دژ بەو هاووڵاتیە كاكەییە ئەنجام داوە