ڕاگەیەنراوی وەزارەتی ئەوقاف لەسەر سووکایەتیکردن بە پێشمەرگەیەکی کاکەیی

 

وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی لە ڕاگەیەنراوێک جەختی کردەوە کە دەستبردن بۆ هێما و نیشانەی ھەر پێکھاتەیەک دەچێتە خانەی تاوان و پێویستە بەپێی یاسا مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت.

لە ڕاگەیەنراوی وەزارەتەکە هاتووە “دوێنی شەممە لە شاری کەرکووک و لە ڕووداوێکی بە ئامانج و پلانداڕێژراو، بێڕێزی بەرامبەر بە کەسێکی پێکھاتەی کاکەیی کراوە کە لەھەمانکاتدا پیشەی پێشمەرگەیە لەھێزەکانی کوردستان.”

ئەوەشی خستووەتەڕوو کە “وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی بە تووندی سەرکۆنەی ئەم بێڕێزییە دەکات و پێشمانوایە ئەمە پێشھاتێکی ترسناکە کە لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان سەریھەڵداوە و تەواو پێچەوانەی گیانی تەبایی و پێکەوەژیانی ئایینی و پێکھاتەکانە لە ھەرێمی کوردستان.

وەزارەتی ئەوقاف دووپاتی کردۆتەوە کە “دەستبردن بۆ سومبول و ڕەمزی ھەر پێکھاتەیەک دەچێتە خانەی تاوان، پێویستە حکوومەتی عێراق بەپێی یاسا مامەڵە لەگەڵ ئەم دەستدرێژیەدا بکات و بکەرانی بە سزای یاسایی خۆیان بگەیەنێت، تاوەکو ببێتە پەند بۆ ئەو کەسانەی دەیانەوێ سوکایەتی بە ڕەمز و ھێما و پیرۆزەکانی ھەر پێکھاتەیەک بکەن.”

Back to top button