نوری حه‌مه‌ عه‌لی:ھەر کوردێك په‌یوەندیی بە حەشدی شەعبیەوە بکات دەچێتە چوارچێوەی خیانەت لە نەتەوە و نیشتمانی خۆی.

خواكوڕك

دوای ئه‌وه‌ی ماوه‌یه‌كه‌ چه‌ندین یه‌كه‌ و هێز به‌ناوی حه‌شدی شه‌عبی دروست بوون له‌ ناوچه‌ جێ ناكۆك و كێشه‌ له‌سه‌ره‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم، ئه‌ندامێكی سه‌ركردایه‌تی پارتی ڕایده‌گه‌ێنێت” هه‌ركوردێك په‌یوه‌ندی به‌ حه‌شدی شه‌عبیه‌وه‌ بكات ئه‌وا خیانه‌تی له‌ نه‌ته‌وه‌ و خاكه‌كه‌ی كردوه‌.

(نوری حەمە عەلی) ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی ڕاگەیاندوه‌ ”ئەوەی حکوومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق بەرانبەر بە کورد کردوویانە، دەسەڵاتدارانی  ئێستای عێراق درێژەی پێ دەدەن و ناونووسکردنی ھاووڵاتییان کورد لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، یەکێکە لەو پیلانانەی دوژمنانی کورد بۆ ئەوەی پڕۆژەی سەربەخۆیی سەرنەگرێت، بەڵام ھەرێمی کوردستان ڕژدە لەسەر ئەوەی کە دەبێ پڕۆژەی سەربەخۆیی ڕابگەیەنین و (سەرۆک بارزانی) و ھێزی پێشمەرگە ئەو دەرفەتەیان ڕەخساندووە و کاری بۆ دەکرێت.”

حه‌مه‌ عه‌لی زیاتر گوتی ”ھەر ھاووڵاتییەکی کورد په‌یوەندیی بە حەشدی شەعبیەوە بکات، کارەکەی دەچێتە چوارچێوەی خیانەت لە نەتەوە و نیشتمانی خۆیەوە، چونکە پێشتر دوژمنانی کورد بە ناوی جوراوجۆر ھەوڵیان داوە، خەڵکی کورد دژی نەتەوە و سەرکردایەتییەکەی چەکدار بکەن، لای ئێمە، وەک پارتی، ئەوەی حەشدی شەعبی دەیکات، بۆ چەکدارکردنی ھاووڵاتییانی کورد، تەنیا بۆ ئەوەیە ڕۆژێک دژی ھەرێمی کوردستان ھان بدرێن و بەکار بھێندرێن.”

(نوری حەمە عەلی) گوتیشی: ”پێویستە کورد سەبارەت بەو پیلانەی حەشدی شەعبی و دوژمنان بۆ ناونووسکردنی ھاووڵاتییانی کورد وریا بێت. حەشدی شەعبی خراپیی گوزەرانی ھاووڵاتییانی کوردی لە ناوچە کوردستانییەکان بەدەرفەت زانیوە، بەڵام ئێمە ھەموو لایەک دڵنیا دەکەینەوە، ئەو پیلانە سەرناگرێت و بە درێژایی مێژوو حکوومەتەکانی عێراق بە ناوی جاشایەتییەوە خەڵکی کوردیان بەکار ھێناوە و دواجار پیلانەکانیان لەنێو بردراون و ھەر گەلی کورد سەرکەوتووە.”

Back to top button