لە كابینەی نۆدا بە بەهای 12 ملیار دۆلار وەبەرهێنان كراوە
لە كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بەرەوپێشچوون و هەنگاوی گەورە نراوە لە كۆی پرۆسەی وەبەرهێنان، بەگشتی پڕۆژەكان بۆ بواری پیشەسازین.
ئەمڕۆ دووشەم 25ـی تەمووز، محەمەد شوكری سەرۆكی دوەستەی وەبەرهێنان بڵاوی كردووەتەوە، لە كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا بەرەوپێشچوون و هەنگاوی گەورە نراوە لە كۆی پرۆسەی وەبەرهێنان.
سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان دەڵێت، وەبەرهێنانمان ئاراستە كرد بۆ بنیاتنانی ژێرخانی ئابووری بەهێز، ئەویش لە گرنگیدان بە وەبەرهێنان بە ئاراستەكردن و هاندانی وەبەرهێنان بۆ ئەنجامدانی پڕۆژەی پیشەسازی و گەشتیاری و كشتوكاڵی، لەو پێناوەشدا هەزار و 212 پڕۆژەمان پەسند كردووە كە 298 پڕۆژەی بازرگانی، 287 پڕۆژەی پیشەسازی، 174 پڕۆژەی گەشتیاری و 82 پڕۆژەی كشتوكاڵیی لە ناویاندایە.
باسی لەوەش كردووە، لەم كابینەیەدا تا ئێستە مۆڵەتمان بە 203 پڕۆژە بە سەرمایەی نزیكەی 12 ملیار دۆلار داوە، پیشەسازی 58 پڕۆژە، بازرگانی 49 پڕۆژە، گەشتیاری 29 پڕۆژە، فێركردن و خوێندنی باڵا 22 پڕۆژە، نیشتەجێبوون 14 پڕۆژە، تەندروستی 12 پڕۆژە، كشتوكاڵی هەشت پڕۆژە، كۆی سێكتەرەكانی تر 11 پڕۆژەن.
روونی كردەوە، لە ئەنجامی لێپێچینەوە لە وەبەرهێنەرانی كەمتەرخەم و ئەو پڕۆژانەی كەموكورتییان هەیە یان ئەنجام نەدراون، لە كابینەی نۆیەمدا 35 مۆڵەتی وەبەرهێنانمان هەڵوەشاندووەتەوە، هەروەها تا ئێستە ئەنجوومەنی باڵای وەبەرهێنان 52 بڕیاری تایبەتی دەركردووە لەبارەی چارەسەركردنی كێشەكانی وەبەرهێنان و رێكخستنەوەی كۆی پرۆسەی وەبەرهێنان لە ڕێی رێنوێنیی نوێوە.