پەیامێک لە سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە

سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ دووشەممە 25ـی 07ـی 2022 پەیامێکی سەبارەت بە زنجیرە پەلامارەکانی شەوی ڕابردووی تیرۆریستانی داعش بڵاو کردەوە و جەختی کردۆتەوە کە فراوانبوونی هێرشەکانیان مەترسییە بۆ سەر سەقامگیری عێراق و پێویستە هەڵوەستەی لەسەر بکرێت.

 

نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامەکەیدا ڕایگەیاند: زنجيره‌ په‌لامار‌ەکانى شه‌وى ڕابردووى داعش له‌ سنوورى به‌غدا، دياله‌، سه‌ڵاحه‌دين و ‏كه‌ركووک بۆ سه‌ر هێزه‌ چه‌كداره‌كان و پۆليسى فيدراڵيى عێراق كه‌ 7 شه‌هيد و ‏و زياتر له‌ 20 بريندارى لێكه‌وته‌وه‌، زه‌نگى مه‌ترسييه‌كى جدديه‌.‏

 

ڕاشیگەیاند: جموجۆڵ و به‌هێزبوونه‌وه‌ى داعش و فراوانبوونى هێرش و په‌لاماره‌كانى، هه‌ڕه‌شه‌ى ‏ڕاسته‌قينه‌‌ له‌ ئاسايش و سه‌قامگيريى ته‌واوى عێراق ده‌كه‌ن كه‌ پێويسته‌ به‌ جددى ‏هه‌ڵوه‌سته‌ى له‌سه‌ر بكرێت و وه‌ڵامى يه‌كلاكه‌ره‌وه‌ى بدرێته‌وه‌. ‏

 

نێچیرڤان بارزانی جەختی کردۆتەوە کە “بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى ئه‌و هه‌ڕه‌شانه‌ى داعش، پێويسته‌ هاريكارى و هه‌ماهه‌نگييه‌كى ‏كاراتر له‌نێوان سوپا و هێزه‌ چه‌كداره‌كان و پێشمه‌رگه‌ و ده‌زگا ئه‌منييه‌كانى عێراق و ‏هه‌رێمى كوردستاندا بكرێت. هه‌روه‌ها پێويسته‌ پشتگيريى هاوپه‌يمانيى نێوده‌وڵه‌تيى ‏دژى داعش بۆ عێراق و هه‌رێمى كوردستان به‌رده‌وام بێت.‏”

 

ئاماژەی بەوەش دا کە “بارودۆخى ئه‌منى و سياسيى عێراق، هاريكارى و كارى هاوبه‌ش و پێكه‌وه‌يى له‌ ‏ته‌واوى هێز و لايه‌نه‌ عێراقييه‌كان ده‌خوازێت بۆ ئه‌وه‌ى هه‌مووان پێكه‌وه‌ ‏سه‌ختييه‌كان تێپه‌ڕێنن و چيتر دۆخى ئاڵۆزيى سياسى نه‌بێته‌ هۆكارى تێكچوونى ‏ئاسايش و سه‌قامگيرى و به‌هێزبوونه‌وه‌ى زياترى داعش.‏”

 

سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەروەها لە پەیامەکەی هاتووە کە “سه‌ره‌خۆشى له‌ خێزان و كه‌سوكارى شه‌هيدان ده‌كه‌م، هاوسۆز و هاوخه‌ميانم، ‏هيواى زووچاكبوونه‌وه‌ بۆ برينداران ده‌خوازم.‏”

Back to top button