دوو پڕۆژهی گرینگی كارهبا له سنووری قوشتهپه كرانهوه
ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەم لەژێر چاودێری و بە ئامادەبوونی ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر لە ڕێوڕەسمێکدا فیدەری نوێی وێستگەی کارەبای گردمەلا بە درێژایی 7 کیلۆمەتر لە شارهدێی قوشتەپە و دانانی گۆڕەرێک لە کەمپی کاوە کە بەگوژمەی یەک ملیار دینار جێبەجێکراوە، کرایەوە.
لە ڕێورەسمەکەدا پارێزگاری هەولێر لە گوتارێکدا وێڕای دەستخۆشی لە ئەندازیاران و سەرپەرشتیانی پڕۆژەکان، سوپاسی ڕێکخراوی (UNHCR)ی کرد کە بەهەماهەنگی ناوەندی وەڵامدانەوەی قەیرانەکانی پارێزگای هەولێر و دەزگای خێرخوازی بارزانی، ئەم دوو پڕۆژە گرینگ و ستراتیژییەیان ئەنجامداوە.
پارێزگاری هەولێر هەروەها گوتی: فیدەری نوێی وێستگەی کارەبای گردمەلا لە شارهدێی قوشتەپە و دانانی گۆڕەری کەمپی کاوە، بەدڵنیاییەوە خزمەتێکی زۆر بە دانیشتوانی ئەم ناوچەیە دەکات و ئەو بارزۆرییەی لەسەر کارەبای ئەو شوێنانە هەبووە کەم دەکاتەوە، ئەوەش کاریگەری زۆری دەبێت لەسەر زیادبوونی کارەبا، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا پێویستە هاووڵاتییانیش هاوکارمانبن بۆ دەستپێوەگرتنی کارەبا.
پارێزگاری هەولێر جەختی لەوەشکردەوە کە ئاو و کارەبا دوو خزمەتگوزاری گرینگن و ئەرکی ئێمەیە لە حکوومەت دابینیان بکەین، بەڵام بە دەستپێوەگرتنی لەلایەن هاووڵاتییانەوە دەبێتە بەشیکی گرینگ لە کەمکردنەوەی ئەو بارقورسییەی دەکەوێتە سەر حكوومەت.
فیدەری نوێی وێستگەی کارەبای گردمەلا بە درێژایی 7 کیلۆمەتر لە شارهدێی قوشتەپە و دانانی گۆڕەری کەمپی کاوە، لەلایەن ڕێکخراوی (UNHCR) بەهەماهەنگی ناوەندی وەڵامدانەوەی قەیرانەکانی پارێزگای هەولێر و دەزگای خێرخوازی بارزانی جێبەجێکراوە.