ئه‌و پێشمه‌رگه‌ كاكه‌ییه‌ی بێڕێزی به‌رامبه‌ر كرابوو.. ئه‌مڕۆ له‌ وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ بوو

 
وه‌ك هاوسۆزییه‌ك له‌گه‌ڵ كاكه‌ییه‌كان و سه‌ركۆنه‌كردنی رووداوی بێڕێزیكردن به‌ پێشمه‌رگه‌یه‌كی لیوای (٩)ی پیاده‌ی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌، ئه‌مڕۆ دووشه‌م سه‌ربه‌ست له‌زگین بریكاری وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ پێشوازی له‌ (ئه‌یمه‌ن عه‌بد جاسم كاكه‌یی) پێشمه‌رگه‌ی لیوای (٩)ی پیاده‌ی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ و شاندێك له‌ كه‌سایه‌تییانی كاكه‌یی کرد.
 
له‌م دیداره‌دا، بریكاری وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ ئیدانه‌ی ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ ناشرینه‌ی گرووپێكی چه‌كدارانی حه‌شدی شه‌عبی كرد، كه‌ بێڕێزیان به‌م پێشمه‌رگه‌یه‌ و پیرۆزییه‌كانی كاكه‌ییه‌كان كردووه‌، وێڕای ده‌ربڕینی هاوسۆزی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌، له‌گه‌ڵ كاكه‌ییه‌كان و بنه‌ماڵه‌ و كه‌سوكاری ئه‌م پێشمه‌رگه‌یه‌، رایگه‌یاند: وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ له‌ هه‌وڵه‌كانی به‌رده‌وام ده‌بێت بۆ به‌سزا گه‌یاندنی ئه‌و كه‌سانه‌ی به‌م ره‌فتاره‌ نامرۆڤانەیە هه‌ستاون، هه‌روه‌ها پشتگیری و پشتیوانی وەزارەتی پێشمەرگەی بۆ دووپات کردنەوە.
 
هەر لەو دیدارەدا، بریكاری وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ گوتی: كوردستان و عێراق، به ‌هه‌موو جیاوازییه‌كانیانەوه‌ پێویسته‌ رێز له‌ بیروباوه‌ڕ و پیرۆزییه‌كانی یه‌كتر بگرن، له‌سه‌ر دامه‌زراوه‌ ئه‌منیه‌كانیش پێویسته‌ كه‌ پارێزگاری له‌و یه‌كڕیزی و ته‌بایی و پێكه‌وه‌ ژیانه‌ بکەن كه‌ له‌ ڕابردوودا وه‌ك دیارده‌یه‌كی ئیجابی سه‌یر كراوه‌.
 
لای خۆیانەوە، شاندی كاكه‌ییه‌كان سوپاسی بریكاری وه‌زاره‌ت و وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌یان كرد و رایانگه‌یاند كه‌ ئه‌وان پشتیوان به‌ وه‌زاره‌ت داواكارن كه‌ له ‌ڕێگای یاساوه‌ مافه‌كانیان وه‌ربگیرێته‌وه‌ و سزای تاوانباران بدرێت‌
Back to top button