رافائیل گرۆسی: ئێران بەبێ چاودێری ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی بەرنامەی ئەتۆمی خۆی پێشدەخات

 

بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی دەڵێت “كۆماری ئیسلامی بەبێ چاودێری و پشكنینی ئەو ئاژانسە بەرنامە ئەتۆمییەكانی پێشدەخات و ئەگەر ڕێككەوتنێك نەكرێت، دەچینە قۆناغێكی زۆر نادیارەوە”.

 

رافائیل گرۆسی لە وتووێژێکدا لەگەڵ کەناڵی “سی ئێن ئێن” جەختی لەوە کردەوە کە،  دانووستانەکانی نێوان ئێران و زلهێزەکانی جیهان گەیشتووەتە قۆناغێکی گرینگ، بەڵام ڕۆژ لە دوای ڕۆژ فەزای ڕێککەوتن بەرتەسکتر دەبێتەوە.

 

ناوبراو وێڕای ڕاگەیاندنی ئەوەی کە کۆماری ئیسلامیی ئێران بەردەوامە لە پیتاندنی یۆرانیۆم لە ئاستێکی زۆر بەرزدا، وتی کە ئاژانسەکە زانیاری لەبەردەستدا نییە بۆ سەلماندنی ئەوەی کە کۆماری ئیسلامی ئێران بۆمبی ئەتۆمی درووست دەکات، بەڵکو هەوڵەکان و شێوازی کارکردنی حکومەتی ئێرانە ئاماژە بەوە دەکەن کە بەم ئاراستەیەدا دەجووڵێن.

Back to top button