دەستەی ژینگەی هەرێمی كوردستان پڕۆژەیەک بۆ بارانی دەستکرد دەداتە ئەنجوومەنی وەزیران
بە مەبەستی كەمكردنەوەی كاریگەریەكانی وشەكاساڵی و كەمكردنەوەی كاریگەریەكانی خۆڵبارین، دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگەی هەرێمی کوردستان پڕۆژەیەکی لەبارەی بارانی دەستکردەوە ئامادەکردووە و لە رۆژانی داهاتوودا دەدرێتە ئەنجوومەنی وەزیران.
عەبدولڕەزاق خەیلانی، گوتەبێژی دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگەی هەرێمی کوردستان لە بارەی پڕۆژەكە رایگەیاندووە، دەستەی ژینگە خەریکی ئامادەکردنی راپۆرتێکە لەبارەی بارانی دەستکرد، لەم هەفتەیە راپۆرتەکە دەدرێتە ئەنجوومەنی وەزیران، “پڕۆژەکە بۆ کەمکردنەوەی شوێنەوارەکانی وشکەساڵی و کەمئاوی و هەروەها کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی خۆڵبارینە لە هەرێمی کوردستان.”
عەبدولڕەزاق خەیلانی گوتی: “دەمانەوێت لەڕێگەی ئەو تەکنەلۆژیایەوە رووبەڕووی وشکەساڵی ببینەوە، جگە لەوەش گۆڕانی کەشوهەوا بووەتە پرسێکی جیهانی و هەڕەشەیە بۆ سەر عێراق و هەرێمی کوردستان، بۆیە پڕۆژەی بارانی دەستکرد یەکێکە لە بژارەکان بۆ رووبەڕووبونەوەی ئەو هەڕەشانە.”