فوئاد حوسێن: داوا لە ئەنجوومەنی ئاسایش دەکەین لە دەرکردنی پەکەکە یارمەتی عێراق بدات
وەزیری دەرەوەی عێراق ڕایگەیاند، لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان سەبارەت بە تۆپبارانکردنی گوندی پەرەخ داوا دەکەین کە بڕیار دەربکرێت بۆ یارمەتیدانی عێراق لە دەرکردنی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە عێراق.
فوئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق ڕایگەیاند: تورکیا زیاتر لە 4 هەزار سەرباز و 100 خاڵی سەربازی لە خاکی عێراقدا هەیە، هەروەها لەگەڵ بوونی بنکەیەکی سەربازی باشیک کە 100 کیلۆمەتر لە سنوورەوە دوورە.
ڕاشیگەیاند: تورکیا بەبیانووی بەرەنگاربوونەوەی پەکەکە دێتە ناو خاکی عێراق، ئەمەش نایاساییە و چونکە هاتنەکەی بێ هیچ ڕێککەوتنێکە لەگەڵ عێراق، بۆیە تورکیا نابێت سنووری عێراق ببڕێت و بانگەشەی شەڕکردن دژی پەکەکە بکات لە خاکی عێراق.
وەزیری دەرەوەی عێراق دووپاتیشی کردەوە کە داوای دەرکردنی بڕیارێک لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان دەکەین بۆ یارمەتیدانی عێراق لە دەرکردنی پەکەکە لەنێو خاکەکەمان.