نوێنەرانی چواردە وڵات لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سەرکۆنەی بۆردومانەکەی هاوینەهەواری پەرەخی زاخۆ دەکەن

بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کۆبوونەوەیەکی لەبارەی تۆپبارانکردنی هاوینەواری گوندی پەرەخ لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ کە بووە هۆی شەهیدبوون و برینداربوونی ژمارەیەک گەشتیاری عێراقی ئەنجام دا، لە کۆبوونەوەکەدا نوێنەرانی چواردە وڵات بۆردومانی تورکیایان بۆ سەر ئەو هاوینەهەوارە شەرمەزار کرد، لە هەمان کاتدا داوایان کرد رێز لە سەروەریی عێراق بگیرێت.
ئەو وڵاتانەی سەرکۆنەی بۆردومانەکەیان کرد بریتی بوون لە، فەڕەنسا، بریتانیا، رووسیا، چین، هیندستان، ئیمارات، مەکسیک، گانا، ئیرلەندا، نەرویج، گابۆن، ئەلبانیا، بەرازیل و کینیا.

هاوکات جێنین پلاسخارت، نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق لە گوتارێکیدا لەبەردەم ئەندامانی ئەنجومەنەکە رایگەیاند: “زۆر گرنگە هەموو هێرشەکان بۆسەر خاکی عێراق بوەستێن. ئەم پێشێلکارییانە نەک تەنها بێباکانە گرژییە نێوخۆیی و هەرێمییەکان زیاد دەکەن، بەڵکو هەروەکو بینیمان، دەبنە هۆکاری رووداوی تراژیدی مرۆیی گەورە.

نوێنەری بەرازیل کە سەرۆکایەتی دانیشتەکەی دەکرد رایگەیاند: ئەنجومەنی ئاسایش پشتیوانیی عێراق دەکات، سەقامگیری و ئاسایش و ئاشتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەبێ عێراق بەدی نایەت و دەبێت رێز لە سەروەریی عێراق بگیرێت.

Back to top button