سەركردەیەكی كۆمەڵ: لە رابردوو پۆستی سەرۆككۆمار بۆ دەست پێوەندەكانی باش بووە نەك بۆ خەڵكی كوردستان

 

دوای ئەوەی بەرهەم ساڵح یەكێتی دووچاری كێشەی ناوخۆی كردەوە، بەهۆی داواكاری كاندید بوونی بۆ خولی دووەمی پەرلەمانی كوردستان، سه‌ركرده‌یه‌كی كۆمەڵی دادگه‌ریی كوردستان داوا دەكات، ئەگەر بەرهەم ساڵح لە بەربژێركردنی خۆی بۆ پۆستی سەركۆماری عێراق نەكشێتەوە، پێویستە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ”پێی بڵێ وازبێنە“ و پشتیوانی لێ نەكات.

كەمال حەسەن، سەركردەی كۆمەڵی دادگەری راگەیاند، لە ماوەی رابردوو پۆستی سەركۆمار بۆ كورد تەنیا دوو لایەنی تێدا بووە، ئەویش ”یەكەمیان تەنیا سەرئێشە بووە و ناوێكی بێ ناوەڕۆك بووە، دووەمیش سەركۆمار پاره‌یه‌كی زۆر ده‌بات و كۆمەڵێك كه‌سی نزیكی خۆی دادەمەزرێنێت، ئیتر ئه‌وه‌ی بۆ كورد هه‌بووه‌ نه‌ك زیاتر، پۆستی سه‌ركۆمار گۆڕانكاری پێ ناكرێت و پاره‌ كۆده‌كاته‌وه‌، ئیتر مادام ئه‌و پاره‌ی له‌به‌رده‌سته‌ چۆن واز ده‌هێنێت“.

هاوكات باسی لە بوونی ناعەدالەتی لە مووچە و ئیمتیازاتی پۆستی سەركۆمار كرد و گوتی: ”خانه‌نشینێك مانگانه‌ 300 هه‌زار دیناری هه‌بێت، سه‌ركۆماریش به‌و هه‌موو پاره‌وه‌، چۆن ناعه‌داله‌تی نییه؟ سه‌ركۆمار ده‌سه‌ڵاتی پاره‌ سه‌رفكردنی زۆره‌ نه‌ك بڕیاردان، هه‌ر كه‌سێك بیر له‌ قیامه‌ت نه‌كاته‌وه‌، ئیتر به‌رده‌وام ده‌بێت له‌ كۆكردنه‌وه‌ی پاره“.

ئەو سەركردەیەی كۆمەڵ دەڵێت: ”ئه‌گه‌ر بەرهەم ساڵح خۆیشی واز نەهێنێت لە بەربژێركردنی خۆی، با حزبه‌كه‌ی پێی بڵێت واز بهێنێت و لای بدات، بۆ ئه‌وه‌ی نێوماڵی كورد ته‌فره‌ نه‌بێت، به‌داخه‌وه‌ كورد یه‌كگرتوو نه‌بووه‌ و به‌داخه‌وه‌ ئه‌م پۆسته‌ بۆ ده‌ست و په‌یوه‌ندی سه‌ركۆمار زۆر باش بووه‌، نه‌ك بۆ خه‌ڵكی كوردستان“.

Back to top button