لیژنەیەک بۆ سەرپەرشتی جیاکردنەوەی فۆرمی شوقەکانی کرێچیان دیاریکرا

 

نوێنەری پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان لێژنەیەکیان پێک هێناوە بە مەبەستی سەرپەرشتی جیاکردنەوەی فۆرمی شوقەکانی کرێچیان .

 

لەمبارەوە محەمەد شوکری سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان لە لێدوانێکدا بۆ ڕاگەیاندنەکان ئاشکرای دەکات : “دوای کۆتایی ھاتنی پڕۆسەی تۆمارکردنی ناوەکان، ئێستا لەرێگەی نوێنەری پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان لێژنەیەک پێکھێنراوە بۆ سەرپەرشتیکردن و جیاکردنەوەی فۆڕمەکان، ئامانجیش لەو ھەنگاوە ئەوەیە لەکۆتایی کەسانی شایستە سوودمەندبن.”

شوکری هاکات ئاماژە بەوە دەکات “لە مانگی ئابی داھاتوو کاری لەپێشینەی دەستەی وەبەرھێنان بابەتی دابینکردنی زەوی و لایەنی جێبەجێکاری پڕۆژەکە دەبێت و بەشێک لەو پڕۆژانە لەمانگی داھاتوو ھەوڵدەدەین دەست بە دروستکردنیان بکرێت”.

لە کۆتاییدا سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان گوتی : “هەوڵ دەدەین لە مانگی هەشتی ئەمساڵ ناوی ئەو كەسانە رابگەیەنین، كە ناوی خۆیان بۆ شوقەی كرێچییان تۆمار كردووە”.

جێگەی ئاماژەیە بەبڕیارێکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، 20 ھەزار شووقە لەرێگەی وەبەرھێنان و بەپاڵشتی حکومەت بۆ کرێنشینان و کەمدەرامەتان دروست دەکرێت، لە پڕۆسەی پڕکردنەوەی فۆرم نزیکەی 120 ھەزار کەس ناویان تۆمارکراون.

 

Back to top button