بەرهەم ساڵح بایبای دەکات و کۆتایی هات
کاندیدبوونی بەرهەم ساڵح بۆ پۆستی سەرۆک كۆمار كێشە و ناكۆكییەكی گەورەی هاوێشتووەتە ناو ماڵی كورد، تەنانەت كاری كردووەتە سەر تەواوی پرۆسەی سیاسی لە عێراق پەرلەمانتارێكی چوارچێوە هاوئاهەنگی زانیاری لەو بارەوە ئاشكرا دەكات.
ئەحمەد مووسەوی، پەرلەمانتاری چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە لێدوانێكی تەلەڤزیۆنیدا باسی بەشێك لە وردەكاریی كۆبوونەوەكانی یەكێتی و پارتی پێوەست بە پۆستی سەرۆک كۆمار دەكات، دەڵێت، رێككەوتنی سەرەتایی بۆ كشانەوەی بەرهەم ساڵح و كاندیدكردنی لەتیف رەشید كراوە.
ئەگەرچی بەر لە چەند رۆژێك بەرپرسانی یەكێتی و پارتی ئەو قسانەیان رەتكردەوە، بەوەی رێككەوتنی وا نییە و هەریەكەیان دەستیان بە كاندیدی خۆیان بۆ پۆستی سەرۆک كۆمار گرتووە، بەڵام ئەو پەرلەمانتارە شیعە دەڵێت، بەر لە دوو رۆژ كورد سازانیان كردووە و ئەگەری زۆرە ئەمڕۆ كۆتایی پێ بێنن، بە كێشانەوەی بەرهەم ساڵح لە كێبەركێیەكە یەكلا بكرێتەوە.
روونی كردەوە، رێككەوتن كراوە لە بەرانبەر بە پاشەكشەی بەرهەم ساڵح، پارتی پاڵپشتی لە كاندیدێكی تری یەكێتی بۆ وەرگرتنی پۆستەكە بكات كە لەتیف رەشیدە، بەوەیش كێشەكە بە سازانی هەردوو حزب كۆتایی دێت، ئاماژەی كرد، كۆبوونەوەكانی نێوان یەكێتی و پارتی بەرەو ئەو چارەسەرەییە، بەڵام سەرقاڵی فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوە و سەرۆكی شاندی پارتی بە كۆبوونەوەكانی ئەنجوومەنی ئاسایش راگەیاندنی دواخستووە.