بریکاری وەزارەتی خوێندنی باڵا : هەموو هەوڵێک دەدەین  بۆ ئەوەی زۆرترین قوتابی وەربگرین

 

وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی ، لە دوای راگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی١٢ ی ئامادەیی ئامادەکارییەکانی بۆ وەرگرتنی زۆرترین قوتابی دەستپیکردووە

 

لەمبارەوە د.عەبدولفەتاح عەبدولڕەزاق، بریکاری وەزارەتی خوێندنی باڵا، لە لێدوانێکدا بۆ ڕاگەیاندەکان گوتی:

”ساڵانە لە زانکۆ و پەیمانگاکان کۆمەڵێک پێوەر بۆ وەرگرتنی قوتابیان ھەیە، لە چوارچێوەی کار و کوالێتیی خوێندن، ساڵانە دیراسەی وەرگرتنی قوتابیان دەکرێت، ھەر کۆلیژێک بەپێی توانای خۆی کورسی بۆ قوتابیان دابین دەکات، ساڵانە بۆ دابینکردنی زیاترین کورسیی خوێندن ھەوڵ دراوە بەپێی پلان ژمارەی کورسییەکان زیاد بکرێن، بەداخەوە ئەوەیش کاریگەریی لەسەر کوالێتیی خوێندن دەبێت، لەبەر ئەوەی کۆلیژێک کە توانای ١٠٠ قوتابی ھەیە، ١٢٠ قوتابیی تێدا جێ بکرێتەوە، کاریگەریی لەسەر کوالێتی خوێندن ھەیە، بەڵام ھەموو توانایەکمان بۆ ئەوەیە زۆرترین قوتابی وەربگیرێت و قوتابی نەمێنێتەوە.”

 

بریکاری وەزارەتی خوێندنی باڵا هاوکات ئاماژە بەوە دەکات : ”ئێمە ئێستا لە قۆناغی گۆڕانکاریداین و ھەندێک بەش ھەیە ئێستا بازاڕی کاری نییە، باشترە ئەو بەشانە بگۆڕین بەو بەشانەی قوتابی فێری پیشەیەک دەبێت، تا دوای دەرچوون لە بازاڕی کار قوتابی سوودمەند بێت.”

لە کۆتاییدا روونیشی دەکاتەوە : ”دیار نییە ئەمساڵ ژمارەی ئەو قوتابیانەی وەردەگیرێن چەندەیە، چونکە وەرگرتنی قوتابی پەیوەستە بە ژمارەی دەرچوانی ١٢ی ئامادەیی و توانای لەخۆگرتنی قوتابی لە زانکۆ و پەیمانگاکاندا.”

Back to top button