نێچیرڤان بارزانى بۆ لایه‌نه‌كانى عێراق: وه‌رن له هه‌ولێر گفتوگۆ بكه‌ن
نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان په‌یامێكی له‌باره‌ی دۆخی سیاسی عێراق بڵاوكرده‌وه.
سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان رایده‌گه‌ێنێت: به نیگه‌رانییه‌كى قووڵه‌وه له دۆخى سیاسیى عێراق و پێشهاته‌كانى ده‌ڕوانین، داوا له لایه‌نه سیاسییه ناكۆكه‌كان ده‌كه‌ین ئه‌وپه‌ڕى دان به خۆیاندا بگرن و بۆ چارسه‌ركردنى كێشه‌كان گفتوگۆى ڕاسته‌وخۆ ده‌ستپێ بكه‌ن. له‌م دۆخه هه‌ستیاره‌دا ئاڵۆزبوونى زیاترى دۆخه‌كه، ئاشتیى كۆمه‌ڵایه‌تى و ئاسایش و سه‌قامگیریى وڵات ده‌خاته مه‌ترسییه‌وه.
نێچیرڤان بارزانی ده‌شڵێت: له كاتێكدا ڕێز له خواستى خۆپیشاندانى ئاشتیانه‌ى جه‌ماوه‌ر ده‌گرین، جه‌خت له پاراستنى دامه‌زراوه‌كانى ده‌وڵه‌ت و ئاسایش و سه‌ر و ماڵى هاووڵاتییان و كارمه‌ندانى ده‌وڵه‌ت ده‌كه‌ینه‌وه. گه‌لى عێراق شایانى ژیان و ئێستا و داهاتوویه‌كى باشتره و ئه‌رك و به‌رپرسیاریه‌تیى هاوبه‌شى هه‌موو هێز و لایه‌نه‌كانه پێكه‌وه عێراق له‌م دۆخه هه‌ستیار و مه‌ترسیداره ده‌رباز بكه‌ن.
سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان ئاماژه به‌وه‌شده‌كات: هه‌رێمى كوردستان وه‌ك هه‌میشه به‌شێك ده‌بێت له چاره‌سه‌ر، بۆیه لایه‌نه سیاسییه په‌یوه‌نداره‌كانى عێراق بانگهێشت ده‌كه‌ین بێن له هه‌ولێرى پایته‌ختى دووه‌میان ده‌ست به گفتوگۆیه‌كى كراوه‌ى كۆكه‌ره‌وه بكه‌ن و له سه‌ر بنه‌ماى به‌رژه‌وه‌ندییه باڵاكانى وڵات بگه‌نه لێكگه‌یشتن و ڕێككه‌وتن. هیچ كێشه‌یه‌ك نییه به گفتوگۆ چاره‌سه‌ر نه‌كرێت.