موقتەدا سەدر رزگارکردنی ناوچەی “سەوز”ی راگەیاند
ئەمڕۆ یەکشەممە، موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر لە تویتێکدا لەسەر هەژماری “تویتەر” رزگارکردنی ناوچەی “سەوز”ی راگەیاند و بانگەشەیەکی ئاراستەی عێراقییەکان دەکات کە هەستن بۆ پاڵپشتیکردن لە شۆڕش و ئازادکردنی ناوچەی سەوزی بە دەرفەتێکی زێڕین بۆ ئەنجامدانی گۆڕانکاریی ریشەیی لە سیستەمی سیاسی.
جێی باسە، دوێنێ ژمارەیەکی زۆر لە خۆپیشاندەرانی سەر بە رەوتی سەدر لە دژی کاندیدکردنی سەرۆک کۆمار و محەممەد شیاع سوودانی لەلایەن چوارچێوەی هاوئاهەنگییەوە بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران و لە دژی سیستەمی حکومڕانی و دادوەری لە عێراق چوونە نێو باڵەخانەی پەرلەمانی عێراق و ناوچەی سەوز لە بەغدای پایتەختی عێراق و دەستیان کرد بە مانگرتنی کراوە لەنێو پەرلەمانی عێراق و دانانی خێوەت لە بەردەم پەرلەمان و مانەوەیان لەنێو پەرلەمان تاوەکو جێبەجێکردنی داواکانیان.
هەروەها لە ئاکامی پێکدادانی نێوان هێزە ئەمنییەکان و خۆپیشاندەران زیاتر لە 100 خۆپیشاندەر و نزیکەی 30 کارمەندی ئەمنی بریندار بوون.