ئەندامێکی سەرکردایەتی پارتی : کاتی خۆپیشاندانەکانی سلێمانی، شاسوار ویستی سواری شەپۆلی ناڕەزایەتیی خەڵک ببێت، خەڵک بە دەبەی ئاو راویان نا
ئەندامێکی سەرکردایەتی پارتی لە لیدوانێکدا بۆ ” دەزگای میدیایی خواکوڕک ” ڕایگەیاند هەلومەرجی هەرێمی کوردستان و بەغدا جیاوازن، ئەو خەڵکەی خۆپیشاندان دەکەن، داوا دەکەن 40%ی ئەو پێشکەوتنانەی لێرە هەیە، بەغدا هەنگاوی بۆ بنێت. دەشڵێ: ‘شاسوار بەو سەرمایەی، کە بە پارەی خەڵک پێکەوەی ناوە، پڕوپاگەندە دژی هەرێمی کوردستان دەکات و بە راگەیاندنەکەشی خەڵک تووشی رەشبینی دەکات
بڵند ئیسماعیل، ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی لەوم لیدوانەیدا بۆ دەزگای میدیایی خواکوڕک گوتی : ‘ئەگەر لە شوێنێک کەموکوڕی هەبێت، ئاساییە خەڵک داوای مافی خۆی بکات، حکوومەتیش بەتەنگ داواکاریی هاووڵاتییانەوە چووە، لە کابینەی نۆدا چاکسازییەکان بەردەوامن، هەر لە یەکگرتنەوەی یەکەی 70 و 80، تا دەگاتە چاکسازیی ئابووری، سەرەڕای قەیرانەکان و نەناردنی پارە لە بەغداوە، وا لە رێی داهاتی خۆمانەوە هەوڵی پشتبەستن و دابینکردنی مووچە دەدەین، لەلایەکی دیکەوە، هەنگاو بۆ رێککەوتن لەسەر کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن و یاسای نوێ بۆ هەڵبژاردن دەدرێت، تا هەڵبژاردنێکی نوێ بکرێت، بۆیە بەپێچەوانەوە، خۆپیشاندەرانی بەغدا خۆزگە بە هەرێمی کوردستان دەخوازن و داوا دەکەن، بەغدا بەلایەنی کەم 30%ی هەنگاوەکانی هەرێم بەرەوپێش بڕوات، بۆیە هەلومەرجی هەرێم و بەغدا زۆر لێك جیاوازن’.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا بڵند ئیسماعیل ئاماژە بەوە دەکات ، ئەگەر لە هەرێمی کوردستان تۆزێک بەرەو ئاڵوگۆڕ بچین، ئەوا دەبێت شاسوار عەبدولواحید و کەسانی هاوشێوەی، کە سیاسیی هەڵتۆقیون و پاشخانیان نییە و لەسەر پارەی خەڵک و حکوومەت سامانیان کۆ کردووەتەوە و بوون بە سەرمایەدار، لە خۆیان بترسن، چونکە خۆریان ئاوا دەبێت، گوتیشی: ‘لەدەرەوەی کوردستان پاڵپشتییان دەکرێ، تا وەک سیاسی دەربکەون، لە بەغداش ئاغاکانیان تووشی کێشە بوون و دونیایان لێ تەنگ بووە، دەبێت ئەمانە بۆ پێش دادگا پەلکێش بکرێن”.
لە کۆاییشدا ئەوەی بە بیر شاسوار عەبدولواحید دەهێنێتەوە، کە لە کاتی خۆپیشاندانەکانی سلێمانی، کاتێک ویستی سواری شەپۆلی ناڕەزایەتیی خەڵک ببێت، خەڵک بە دەبەی ئاو راویان نا، چونکە دەزانن کێیە و چییە، بۆیە پێویستە خۆی بێدەنگ بکات بۆی باشترە، چونكە خەڵک وشیارە، دەڵێ: ‘خەڵک داوای قەرزەکانی لێ دەکات، بەڵام ئەم بەو سەرمایەی، کە بە پارەی خەڵک و حکوومەت پێکەوەی ناوە، پڕوپاگەندە دژی هەرێمی کوردستان دەکات. هەروەها راگەیاندنەکەی بۆ رەشبینکردنی خەڵک بەکار دێنێت، بۆیە نە لای خەڵک و نە لای حکوومەتیش تا سەر چاوپۆشیی لە شاسوار ناکرێت’.