لێکۆڵینەوە لە گەڵ 72 بەرپرسی پلەباڵای هەرێمدا کراوە
لە چوار چێوەی پلانی حکومەت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی لێکۆڵینەوە لە بەرپرسانی پەلە باڵای هەرێمی کوردستان بەردەوامەو ئەمڕۆ سەرۆکی دەستەی دەسپاکی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا بەشێک لە ئەنجام و لێکۆڵینەوەکانی ئەم بوارەی ئاشکرا کرد .
سەرۆکی دەستەی دەسپاکی لە هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە ماوەی پێنج ساڵی رابردوودا، 72 بەرپرسی پلە باڵا، لەسەر دۆسیەکانی گەندەڵی لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا کراوە، لە شەش مانگی رابردووشدا 799 دۆسیە لە دەستەکەیان تۆمارکراوە و لێکۆڵینەوەیان تێدا دەکرێت.
ئەحمەد ئەنوەر، سەرۆکی دەستەی دەسپاکی لە هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ سێشەممە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا گوتی “لە ساڵانی 2017 بۆ 2022 دا لەلایەن دادوەرانی لێکۆڵینەوەی دەسپاکییەوە، وەک تۆمەتبار لێکۆڵینەوەی لە دۆسیەکانی 72 بەرپرسی پلە باڵا و پلە تایبەت کراوە، کە پێکهاتوون لە شەش وەزیر، یەک سەرۆکی دەستە، شەش بریکاری وەزیر، یەک پەرلەمانتار، پێنج راوێژکار، 34 بەڕێوەبەری گشتی، یەک پارێزگار، پێنج قایمقام، چوار سەرۆکی فەرمانگە و هەشت ئەندامی ئەنجوومەن”.