نەتەوە یەکگرتووەکان: دەبێ رێككەوتنی شنگال بە تەواوی جێبەجێ بكرێت

نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق لە هەشتەمین ساڵرۆژی جینۆسایدكردنی ئێزدییه‌كان له‌ شنگال بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و تێیدا رای گەیاندووە، کۆمەڵگەی ئێزدی تا ئێستا ئەو ئاشتی خۆشگوزەرانییەیان بەدەست نەهێناوە کە بەڕاستی شایەنیەتی.

 

لەبەیاننامەکەی یۆنامی هەروەها هاتووە، “هێشتا هەزاران ئێزدی نەگەڕاونەتەوە ناو خێزان و ئازیزانیان و شوێنیان بە نادیاری ماوەتەوە.

یۆنامی، ئەوەشی باس کردووە کە زۆرێك لە بەرکەوتەکان لەدوای چەندین ساڵ لە دیلبوون و ئەشکەنجەدان و توندویژی سێکسی و کۆیلایەتی و هەروەها مامەڵەی ئەوپەڕی نامرۆڤانە بەردەوام بەدەست ئازاری دەروونییەوە دەناڵێنن، ژمارەیەكی دیکەش هێشتا بەسەر ئازاری لەدەستدانی ئەندامێکی خێزانی خۆشەویستیان بە تەواوی خێزانەکەیان، زاڵنەبوونە.

 

ئەوەشی خستەڕوو، بەهۆی بەردەوامی گرژییەکان، زۆرێك لە ئێزدییەکان لە شوێنی رەسەنی خۆیان ئاوارە بوونە و زێدی باوباپیرانیان لە شەنگال هێشتا بێبەشە لەو سەقامگیرییە جەوهەرییەی کە بۆ ئاوەدانکردنەوەی ژیانیان پێویستە.

 

لە بەیاننامەکە هەروەهاجەختی لەوە کردۆتەوە، کە ئەرکی هەمووانە بێوچان کار بکەن بۆ ئەوەی دەستەبجێ کۆتایی بە دۆخی نالەباری بەردەوامی ئێزدییەکان بێت، هەروەها هەموو هەوڵێک دەدرێت بۆ ئەوەی دەرفەت بۆ داهاتوویەکی باشتر بۆ خەڵکی شنگال بڕەخسێت.

 

یۆنامی دەشڵێت، “دەوڵەت چەترێکە بۆ هەمووان و دەبێت دەسەڵاتەکەی گەرەنتی بە هەموو هاووڵاتییەکی ئەو وڵاتە بدات، بەبێ گوێدانە لایەنگیری سیاسی و ئایینی و نەتەوەیی. هیچ ئێزدیییەك و هیچ عێراقییەكی دیکەش نابێت ببێتە قۆچی قوربانی کێبڕکێی دەسەڵاتی ناوخۆیی یان هەرێمی”.

 

نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق گوتی: بەبێ دواکەوتنی زیاتر، دەبێت رێكکەوتنی شنگال بە تەواوی جێبەجێ بکرێت. حوکمڕانی جێگیر و پێکهاتەی ئاسایش رێگە بە ئاوارەکان دەدات دواجار بگەڕێنەوە ماڵەکانیان.

 

سەبارەت بە رێکارەکانی لێپرسینەوە لە تاوانەکانی داعش دژی ئێزدییەکان، لە بەیاننامەکەدا باس لەوە کرا، کە نەتەوە یەکگرتووەکان بەردەوام دەبێت لە پەرەپێدانی ئەو رێکارانە بۆ گەڕاندنەوەی دادپەروەری بۆ هەموو ئەوانەی بەدەست ئەم تاوانە قێزەونەوە دەناڵێنن.

 

یۆنامی دەستخۆشی لە ئێزدییەکان دەکات بۆ خۆڕاگرییان لە پاراستنی کولتوور و میراتەکەیان سەرەڕای ئەو ئاڵانگارییە بێشوومارانەی کە کۆمەڵگەکە بەردەوان رووبەڕووی دەبێتەوە، لە نێویاندا هەوڵەکانی داعش بۆ سڕینەوەیان.

 

لەبارەی ئەو ئێزدییانەی کە بێسەروشوێنن، یۆنامی دەڵێت: گەڕان بەدوایاندا دەبێت بەردەوام بێت، تا ئەم بابەتە بە ئازارە کۆتایی پێدێت.

 

نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان راشیگەیاند، “لە کاتێکدا یادی ئەم لاپەڕە زەبربەخشەی مێژووی عێراق دەیکەنەوە، پابەندی خۆمان بە ئارامی و سەقامگیری بۆ ئێزدییەکان و خەڵکی شنگال نوێ دەکەینەوە”.

 

لەرۆژێکی وەکو ئەمڕۆ، لە 3 ی 8 ی 2014  تیرۆریستانی داعش پەلاماری شنگالیاندا،و بە هەزار کوردی ئێزیدی ئاوارە بوون و كۆمەڵكوژ كران. بەمەش ئەمڕۆ دەبێتە هەشت ساڵ بەسەر جینۆسیادی ئێزیدییەكان تێدەپەڕێت،”

Back to top button