ئه‌مه‌ریكا: لایه‌نه‌كانی عێراق به‌شداری گفتوگۆی نیشتمانیی بنیاتنه‌ر بن

ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌ ڕێی باڵوێز و كونسوڵگه‌ی گشتیی وڵاته‌كه‌یه‌وه‌ له‌ هه‌ولێر و به‌غدا، به‌ زمانی كوردی و عه‌ره‌بی نامه‌یه‌كی كراوه‌ بۆ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی عێراق ده‌نێرێت، په‌یامه‌كه‌ له‌سه‌ر ڕووداوه‌كانی ئه‌مدواییه‌ی عێراقه‌ و باسی گفتوگۆی نیشتمانیی بنیاتنه‌رانه‌ ده‌كات.

ئه‌مڕۆ چوارشه‌م 3ی ئاب، كونسوڵگه‌ی گشتی ئه‌مه‌ریكا له‌ هه‌ولێر له‌ پێگه‌ی تایبه‌تی خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووك، به‌ زمانی كوردی به‌یاننامه‌یه‌كی بڵاو كردووه‌ته‌وه‌ و ڕایگه‌یاندووه‌، ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا پشتیوانی هه‌وڵه‌ هه‌نووكه‌ییه‌كان ده‌كات بۆ هاندانی هه‌موو لایه‌نه‌كان، تا به‌شداری گفتوگۆی نیشتمانیی بنیاتنه‌ر بن كه‌ ده‌بێته‌ مایه‌ی هێوركردنه‌وه‌ی ئاڵۆزییه‌كانی ئه‌مدواییه‌.

زیاتر هاتووه‌، پشتیوانی خۆمان بۆ خۆپێشاندانی ئاشتییانه‌ دووپات ده‌كه‌ینه‌وه‌، هانی هه‌موو لایه‌ك ده‌ده‌ین پابه‌ندبن به‌ ئارامی و سه‌روه‌ریی یاساوه‌ له‌ موماره‌سه‌كردنی مافه‌كانیان له‌ ژێر ڕۆشنایی ده‌ستووردا.

ئه‌وه‌ له‌ كاتێكدایه‌ دۆخی عێراق رۆژ به‌رۆژ به‌ره‌و ئاڵۆزیی زیاتر ده‌چێ، خۆپێشانده‌ران ئێسته‌ له‌ ده‌وروبه‌ری په‌رله‌مانی عێراقدان و داهاتوویه‌كی ڕوون بۆ پرۆسه‌ی سیاسی و وڵاته‌كه‌ نابینرێ. هه‌موو سه‌ركرده‌ سیاسییه‌كانی عێراق داوای گفتوگۆ ده‌كه‌ن، به‌ڵام خۆپێشانده‌ران ره‌تی ده‌كه‌نه‌وه‌.

 

 

Back to top button