سەدر داوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و ئەنجامدانی هەڵبژاردن دەکات

ڕێبەری ڕەوتی سەدر ئەمڕۆ چوارشەممە 03ـی 08ـی 2022 لە گوتارێکدا داوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی عێراق و ئەنجامدانی هەڵبژاردن دەکات، داوای لە خۆپیشاندەرانیش کرد کە بەردەوام بن لە مانگرتن تاوەکو داواکارییەکانیان جێبەجێ دەکرێت.

موقتەدا سەدر، ڕێبەری ڕەوتی سەدر داوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی کرد و جەختی کردەوە کە “ئەوەی ئێستا ڕوو دەدات ململانێی دەسەڵاتە، تاوەکو ئێستا بڕیارم نەداوە بەشداری لە هەڵبژاردنی نوێ بکەم.”

هەروەها ڕایگەیاند: دوای ئەوەی ئێمە زۆرترین دەنگمان بەدەستهێنا و گەورەترین کوتلەمان پێکهێنا، بەشێک لەلایەنەکان ئێمەیان پەکخست.

ڕاشیگەیاند: ئەمە ململانێیەکی کەسی نییە، ئێمە دژی هیچ لایەنێک و کەسێک نین، بەشێک لەوانە بە نیازی کوشتنی ئێمە بوون، بەڵام ئێمە داوای هیدایەتیان بۆ دەکەین.

سەدر ڕوونی کردەوە کە ئێمە دژی گفتوگۆ نین، گفتوگۆمان تاقی کردەوە و بینیمان چی بەسەر نیشتماندا هات، وێڕای بەڵێن و واژۆکانیان، ئەم گفتوگۆیانە سوودی نابێت دوای ئەوەی گەل قسەی کرد.

ئاماژەی بەوە دا کە من ڕازی نابم بە خوێنڕشتن، ئەگەر هاتوو ئەم کارەیان کرد چاکسازی تەنیا بە قوربانیدان دەبێت، هەروەک چۆن ئیمام حوسێن خۆی بەختکرد، من ئامادەی شەهیدبوونم هەیە لەپێناو ڕزگاری نیشتمان.

سەدر بۆ خۆپیشاندەران جەختیشی کردەوە کە ئەگەر چاکسازیتان دەوێ، من چاوەڕێی ئێوە دەکەم، شۆڕس دەستی پێ کردووە و سەدرییەکان دەستیان پێ کردووە کە بەشێکن لە گەل و نیشتمان.

ڕێبەری ڕەوتی سەدر ئاماژەی بەوەش دا کە “من داوای دەسەڵات و خوێنڕشتنم نەکردووە و تەنیا داوای چاکسازی دەکەم، بەردەوام بن لەسەر مانگرتنەکەتان تاوەکو داواکارییەکانتان جێبەجێ دەکرێت.”

Back to top button